گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتاییان ھات

گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتاییان ھات و چاوەڕان دەکرێت، دوای جەژنی رەمەزان خوێندنەوەی کۆتایی بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی رابردوو، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دانیشتنی ئاسایی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە.

راشیگەیاندووە کە دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی پلانی ستراتیجیی و ئابووریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەرگای گفتوگۆ و قسەکردن لەبارەی پرۆژەیاساکەوە کرایەوە کە لە میانیدا ژمارەیەک لە ئەندامان راوبۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە خستووتەڕوو.

چاوەڕان دەکرێت، دوای جەژنی رەمەزان خوێندنەوەی کۆتایی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بکرێت.

پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موعین کازمی رایگەیاندبوو کە کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ دەخرێتە دەنگدانەوە.

لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.

پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.