کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەکات

بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان شاری سلێمانی‌و وڵاتی ئەمریکا، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد.

‎ئێرب یکس، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێرو ژمارەیەک لە هاوکارانی لەکونسوڵخانەی ئەمەریکا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانییان کردو لەلایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و نەوزاد غەفور جێگری سەرۆکی ژوورو بەختیار مەحمود ئەندامی کارگێڕی ژوورو ژمارەیەک لەبازرگانان‌و خاوەنکارانی شاری سلێمانی پێشوازییان لێکرا.

‎ئێرب یکس، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر، رایگەیاند “دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەهێز بکەین چونکە دەرفەتی کارکردن ‎لەشاری سلێمانی زۆرەو ناوچەیەکی گرنگە بۆ وەبەرهێنان”.

‎راشیگەیاند “دەمانەوێت پەیوەندییە بازگانییەکان لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین تا لەنزیکەوە کاری هاوبەش ئەنجام بدەن‌و بتوانن کاری هاوبەش لەنێوان بازرگانان‌و وەبەرهێنەرانی هەردوولادا هەبێت‌و ئامادەکاری دەکەین بۆ هاتنی شاندێکی گەورەی بازرگانی ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان هەردوولادا”.

‎سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیوەندی بازرگانی‌و پیشەسازی هەیەو دەمانەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش کاری هاوبەشمان هەبێت، چونکە بازرگانان لەشاری سلێمانی توانای کاری زۆریان هەیەو بەشێکی زۆری وەکالەتە جیهانیەکان بازرگانانی شاری سلێمانی وەریانگرتووەو لەعێراقدا دابەشی دەکەنەوە”.

‎راشیگەیاند “ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی پێشانگای نێودەوڵەتی تایبەت بەخۆیەتی کە ساڵانە چەندین جۆر پێشانگای جۆراوجۆری تێدا دەکرێتەوەو سەردانیکەری زۆری هەیە بۆیە کۆمپانیا ئەمریکیەکان گرنگە بەشداری بکەن لەم جۆرە پێشانگایانەدا، چونکە شاری سلێمانی لەڕوی ئاسایشەوە یەکێكە لەشارە ئارامەکان”.

‎سیروان محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا “گەورەترین پڕۆژەی گەنجینەی خۆراکی لەسەرئاستی عێراق لەشاری سلێمانیە کە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات‌و بەبێ قازانج بازرگانان سوودمەند بوون لێی بەپێشکەوتوترین جۆر کۆگاکان دروستکراوەو خۆراکی تەواوی تیادا هەڵدەگیرێت، لەسەر ڕوبەری یەک ملێۆن مەتر دروستکراوە بەتێچوی زیاتر لە ۱٥٠ ملێۆن دۆلار کە لە ٩٥% کارەکانی تەواو بووە بەشێوەی تەندروست خۆراکەکان هەڵدەگیرێت کە شاری سلێمانی کردۆتە سەنتەرێکی گەورەی بازرگانی‌و لەڕێگەیەوە خۆراک‌و پێداویستیەکان دابەشدەکرێت”.

سەرۆکی ژوور ‎ئەوەشی رونکردەوە “ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی تاکە ژوورە لەسەر ئاستی عێراق بەسیستمی یەک پەنجەرەیی کاردەکات کە ماوەی پێنج ساڵە ئەو کارە دەکەین‌و چەندین چالاکی دیکەمان هەبووە، ئەمەش وایکرد ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەچالاکترین ژوور دەستنیشان بکرێت‌و خەڵاتی ئاڵتونیمان پێبدرێت”.

‎سیروان محەمەد داواشیکرد “کۆنسوڵ کاربکات بۆئەوەی شاری سلێمانی بکاتە دەستە خوشکی شارەوانی ئەمریکاو کاربکات بۆ بەهێزکردنی کەرتی بانکی لەهەرێمی کوردستان‌و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەشاری سلێمانی‌و دانانی کارگەی گەورە بەهاوبەشی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی‌و کارکردن بۆ پێدانی قەرزی بانکی خاوەن پڕۆژە پیشەسازیەکان‌و خانووبەرە لەلایەن حکومەتی عێراق وەک ئەوەی لەهەموو عێراقدا هەیە، ئەو قەرزەش هەرێمی کوردستان بگرێتەوە”.

‎سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوە کرد “لەشاری سلێمانی دوو کارگەی گەورە هەن تایبەتن بەکۆمپانیا ئەمریکیەکان کە کاردەکەن‌و بەرهەمیان هەیەو بەتەواوی عێراقدا دابەشی دەکەن هەربۆیە داواکارین کونسوڵ کاربکات بۆ هاندانی کۆمپانیاکانی دیکەش بۆ وەبەرهێنان لەشاری سلێمانی”.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لەبازرگانانی شاری سلێمانی کە بەشدار بوون پێشنیاریان کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا. کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەهەولێر هاوکاریان بێت.

‎لەکۆتاییدا ئێرب یکس، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر رایگەیاند “بەدڵنیاییەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی باشی بازرگانی لەگەڵ شاری سلێمانی دروستبکەین هاوکاری تەواوتان دەبین بۆ بەهێزکردنی کەرتی بانکی‌و ئەنجامدانی وەبەرهێنان”.