لە ئەمریکا وەرزی کڕین و داشکان، رۆژی ”بلاک فرایدەی” دەستیپێکردووە

لە ئەمریکا وەرزی کڕین و داشکانە کە لە رۆژی هەینی، رۆژی بلاک فرایدەیەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت. لە نیویۆرک هاووڵاتییان روویان لە فرۆشگەی “مەیسی هێراڵد” کردووە بۆ ئەوەی کەڵک لە داشکاندنەکان وەربگرن.
ئانتۆنیا هاریس، کڕیارە و دەڵێت، “لەگەڵ نزیکبوونەوە لە رۆژانی پشووی کریسمس، خەڵک دەست بە خەرجکردن دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رێوڕەسم و بۆنەکان ئامادە بکەن. شەپۆلی خەڵک روو لە فرۆشگەکان دەکەن و پێوەدیار نییە کە هەموو شتێک بەهۆی هەڵاوسانەوە تۆزێ خاوبووەتەوە و نرخەکانیش 30٪ و 40٪ و 60٪ داشکاون.”
لەنێوان رۆژانی بلاک فرایدەی، رۆژی هەینی تاوەکو رۆژی دووشەممە، (سایبەر ماندەی) زیاترین داشکان دەکرێت. بەپێی دوایین ئامارەکان، تەنیا لە رۆژی هەینی بە بڕی 9 ملیار دۆلار لە رێگەی ئۆنڵاینەوە کەلوپەل فرۆشراوە. هەروەها پێشبینیکراوە تاوەکو رۆژی دووشەممە قەبارەی فرۆشی ئۆنڵاین بەرزبێتەوە بۆ 34 ملیار دۆلار. 
چەیس مۆر، خوێندکاری دکتۆرا باس لەوە دەکات، “زیاتر لە بودجەی خۆم شتم کڕیوە. لە قۆناخی خوێندنی باڵا دەخوێنم و ئێستا 300 دۆلار کەمی بودجەم هەیە. ” 
جگە لە نیویۆرک، لە پارێزگاکانی دیکەش بە گەرم و گوڕییەوە پێشوازی لە داشکاندنەکان کراوە. 
ئابرێن لۆرێن، کڕیار لە شاری مێتێری لە ویلایەتی لویزیانا دەڵێت، “زۆر خۆشە دووبارە لە دەرەوە بیت و شت بکڕی. لەم 3 تاوەکو 4 ساڵەی رابردوو، خەڵک لە ماڵەوە مانەوە. لەبەر ئەوە دیسان رووبەڕوو بیان بینییەوە خۆشە.”
کۆمپانیای ئەدۆبی کە ئاماری مامەڵە ئۆنڵاینەکانی تۆماتکردووە، رایگەیاندووە کە فرۆشی مۆبایل لە رێگەی ئۆنڵانەوە 55٪ زیاتر بووە لە ساڵی رابردوو. هەروەها دەشڵێت، فرۆشی مۆبایل بە تەنیا 53٪ـی کۆی فرۆشی رۆژی بلاک فرایدەی پێکهێناوە. کۆمپانیای ئەدۆبی هەروەها پشیبینی کردووە قەبارەی فرۆشی ئۆنڵاین لە رۆژی دووشەممە بەرزبێتەوە بۆ 11 ملیار دۆلار کە بەرێژەی 5٪ زیاترە لە ساڵی رابردوو.