کۆنسوڵی ئەمریکا: بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کوالێتی زۆر بەرزە

کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێت، بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کوالێتی زۆر بەرزە.

پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵی لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، “لە ماوەی کارکردن لە هەرێمی کوردستان هەوڵمداوە تەنها لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆنەبمەوە، بەڵکو چاوم بە هاوڵاتییانی دیکەش بکەوێت، بەتایبەتی قسەکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت زۆر گرنگە، کاتێک لەگەڵ دا‌هێنەرەکان دادەنیشم زۆر گەشبینم، هەرێمی کوردستان پێویستی بەو جۆرە توانایانە هەیە، کەرتی تایبەت باش بێت دەتوانێت هاوکاربێت بۆ پەرەپیدانی هەرێمی کوردستان”.

وتیشی، “یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەمەریکا ئەوەیە سەرنج دەداتە سەر کشتوکاڵ، دڵخۆشم کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکە ببینم کە خەڵک تەنها بەرهەمی ناوخۆی بکڕێت، بەرهەمی ناوخۆی کوردستان کوالێتیان زۆر بەرزە”.

کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، “کشتوکاڵ زۆر گرنگە بۆ هەلی کار و بزوێنەری ئابووری هەرێمی کوردستانە، کشتوکاڵ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراک هەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی شارەکان دەژین”.

راشیگەیاند، “دڵخۆشم کە ئێمە وەک ئەمەریکا پشتیوانی لەو جۆرە ئیڤێنتانە دەکەین و هەوڵدەدەنین جووتیاران لە یەکتر جیابکەینەوە و کارسازەکان هەمووان پێکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی هەلی زیاتر هەبێت بۆ پێشوەچوونی کەرتی کشتوکاڵ”.