کۆنسوڵی ئەرمینیا لە ھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ده‌كات

کۆنسوڵی ئەرمینیا لە ھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد لە لایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و یاسین ڕەحیم جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێریەوە پێشوازی لێکرا.

ئارشەک مەنوکیان، کۆنسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر ڕایگەیاند “پێمانخۆش بوو بە تایبەتی سەردانی ژووری، بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بکەین تاکو بتوانین لە نزیکەوە لە بارەی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئەو کار و پرۆژانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی ھەیە زانیاری وەربگرین ھیوادارین بتوانین پەیوەندییە ئابورییەکانمان زیاتر بکەین”

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنیان و داوایی کرد، ھەوڵ بدەن ھێڵی ئاسمانی لە نێوان شاری سلێمانی و وڵاتی ئەرمینیا بکەنەوە، ھەروەھا بانکێکی باوەڕ پێکراو لە شاری سلێمانی دابنێن تاکو بازرگانان سودی لێوەربگرن.

شایەنی باسە، ھەردولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان سلێمانی و وڵاتی ئەرمینیا بەھێز بکەن و بازرگانان بە یەکتر ئاشنا بکەن و کاری ھاوبەشی زیاتر ئەنجام بدەن.