وەزیری بازرگانی‌: تا ئێستا 3314 كۆمپانياى بیانی‌و 27713 كۆمپانياى خۆماڵی لەوەزارەتەکەمان تۆمار کراون

ئا: رێژەن سەردار

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیەی بازرگانی‌و پیشەسازی-دا دەڵێت “لەساڵی ٢٠٢١ ٩٠٠ کۆمپانیان خۆماڵی‌و ٢٦ کۆمپانیای بیانی‌و لقی بەغدا ١٠ کۆمپانیا پاکتاویان کردووە یان داخراون کە دەکاتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢٠”.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا كارو چالاكی وەزارەتەكەتان لەساڵی 2021دا لەئاستی خواستی ئێوەدا بوو بەراورد بەساڵانی پێشتر گەشەو بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینی؟
کەمال موسلیم: کارو چالاکی وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی بەپێی ئەو دەسەڵات‌و کارنامەى بۆی دیاریکراوەو لەسەر بنەماى سیاسەتى ئابورى حکومەتى هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەتوانین لەسەر دوو بڕگە یاخود ئاڕاستە پۆلینی بکەین: یەکەمیان – ئاڕاستەى خۆماڵی کە وەزارەت هەنگاوى گرنگ‌و ستراتیجی ئەنجامدا بەگەیشتن لەیەکگەیشتن‌و ڕێککەوتن لەگەڵ هەردوو وەزارەتى بازرگانی‌و وەزارەتى پیشەسازى عیراقی لەدواى ئاڵوگۆری شاند لەسەر ئاستی وەزیرو بریکارو پلەى تایبەت، سەرەڕاى واژۆکردنى یاداشتی هاوبەش‌و بەدواداچوون بۆ چەند بابەت کە پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت‌و چارەسەرى گرفتەکان. دووەم ئاڕاستە: ساڵی ٢٠٢١ جۆرێک لەبوژانەوە لەهەرێمی کوردستان ڕویدا بهشایەتى لایەنى بیانی‌و عێراقی، لەلایەکى تر چەندین هەنگاوى گرنگ ئەنجام درا لەپڕۆژەکان‌و پلان‌و کۆنفرانسی بەرچاو که بەهەموو پێوەرێک لەساڵی ٢٠٢٠و ساڵانی ڕابردوو باشتر بوو .

بازرگانی‌و پیشەسازی: كۆرۆناو كەمكردنەوەی بودجەی وەبەرهێنان تا چەند كاریگەری لەسەر ئابوری هەرێم‌و وەزارەتەكەتان هەبووە؟
کەمال موسلیم: کرۆنا کاریگەرى زۆری هەبووە لەسەر گشت سەکتەرو وەزارەت‌و چالاکی ئابوری نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم بەڵکو ئاستی جیهانیش، چاودێران ڕێژەى سست بوونى ئابوری‌و هەڵاوسان بۆ ئەو کاریگەریانە بە ٥٠% هەژمار دەکەن، لەلایەکى ترەوە کەم کردنەوەى بودجەى وەبەرهێنان لەدواى ئەوە دێت کە قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆکی جیهان‌و عێراقى گرتووە بەڕادەیەک بازارەکانى جیهان شڵەژاوەو ئامارەکان سەقامگیر نین، بەئەنجام کاریگەر دەبێت لەسەر هەر پرۆژەو چالاکییەک .

بازرگانی‌و پیشەسازی: تائێستا لەهەرێمی كوردستان چەند كۆمپانیا تۆمارن؟ لەو ڕێژەیەش چەندیان بیانین یاخود كۆمپانیای بیانین‌و لقیان لەهەرێمی كوردستان كردوەتەوە؟
کەمال موسلیم: ژمارەى کۆمپانیان کە لەوەزارەت تۆمارن تاکو ئەمڕۆ دەگاتە 3314 كۆمپانياى بیانی‌و 27713 كۆمپانياى خۆماڵی.

بازرگانی‌و پیشەسازی: پەیوەندیتان لەگەڵ كەرتی تایبەت چۆنەو ئایا بوارو دەرفەتی پێویستتان بۆ ئەم كەرتە ڕەخساندوە تا ڕۆڵی خۆی بگێرێت لەبوژاندنەوەی سەرخان‌و ژێرخانی ئابوریدا؟
کەمال موسلیم: پەیوەندى وەزارەت لەگەل کەرتی تایبەت لەئاستێکى باشدایه، وەک نمونە هەر لەکاتی دەستپێکردنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم وەزارەت زیاتر لەحەوت کۆنفرانس‌و کۆڕبەندى ئەنجامداوە کە گشتیان کەرتی تایبەت رۆڵیان تێیدا هەبووەو بۆ گوێگرتن لەگرفتەکانی کۆمپانیاکان‌و کارگەکان‌و چۆنیەتى دۆزینەوەى چارەسەر بۆ گرفتەکان. لەلایەکى ترەوە نوسینگەى ئێمەو بریکارەکان‌و راوێژکارەکان‌و ب.گشتیەکان هەردەم کراوەیە بۆ خاوەن سەرمایەو کەرتی تایبەت کە هیوادارین ئەو جۆرە هەماهەنگیه زیاتر بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی .

بازرگانی‌و پیشەسازی: كەرتی تایبەت لەم چەند ساڵەدا گللەیی‌و گازندەی زۆر لەڕێژەی باجی دەرامەت دەكەن، كە ساڵانە ئەم ڕێژەیە زیاد دەكات‌و خراپی دۆخی ئابوری لەبەرچاوناگیرێت، رونکردنەوەی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟
کەمال موسلیم: مەسەلەى باج‌و رسومات پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیە کە ئەو وەزارەتە لەگەڵ چەند لایەنێکى پەیوەندیدار سیاسەتى دارایی هەرێم جێبەجێ دەکەن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: داخستن‌و پاكتاو کردنی كۆمپانیا لەساڵی 2021دا چەند بووەو ئەم ڕێژەیە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیاد یاخود كەمی كردووە؟
کەمال موسلیم: لەساڵی ٢٠٢١ خۆماڵی ٩٠٠و بیانی ٢٦و لقی بەغدا ١٠ کۆمپانیا پاکتاویان کردووە یان داخراون کە دەکاتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢٠.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بازرگانان بۆ هاوردەی بەرهەمەكانیان لەدەروازەكانی نێوان هەرێم‌و حكومەتی ناوەند ناچارن لەهەردوولا مۆڵەتی هاوردە وەربگرن، ئایا هیچ بەرنامەیەكتان هەیە بۆ یەكخستنی ئەم مۆڵەتە؟
کەمال موسلیم: لەدەستپێکى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی کوردستانەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنى چەند گرفتێک که دووچاری بازرگانان دەبێتەوە وەزارەت هەڵساوە بەپەیوەندی کردن لەگەل وەزارەتى بازرگانی عێراقی فیدرال بەسەردانی بەغداو پێشوازی کردن لەشاندی ئەوان، تەنانەت واژۆکردنى یاداشتی هاوبەش کە یەکێک لەبڕگەکان پەیوەستە بەمۆڵەتی هاوردن‌و هەناردەکردن بۆ یەکسختنی ڕینماییەکان‌و یەک داتابێس‌و هەمان مۆڵەت کە پێویستە بەزمانی کوردیش تێیدا بنوسرێت بەڵام تاکو ئێستا بەتەواوى ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە بەداخەوەو ئێمە بەردەوام لەپەیوەندیداین بۆ گەیشتن بەچارەسەرى کۆتایی .

بازرگانی‌و پیشەسازی: حكومەتی ناوەند ئەو بازرگانیەی كارا كردووە كە دەكەونە نێوان هەرێم‌و حكومەتی ناوەند بۆ ڕێگری لەو بەرهەمانەی لەدەروازەكانی هەرێمەوە هاوردە دەكرێن بەبیانوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئایا ئەم كارە كاریگەری نابێت لەسەر بازرگانانی هەرێم بەتایبەتی ئەوانەی بریكارنامەی كۆمپانیا جیهانییەكانیان هەیە لەسەر ئاستی عێراق؟
کەمال موسلیم: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ هەمان مەبەست پەیوەندی کردووە بەوەزارەتی پیشەسازی عێراقی‌و پێشوازیمان لەشاندیان کردووەو یاداشتی هەماهەنگیمان لەنێواندا هەیە بۆ ئەوەى هەر گرفتێک دووچارى کارگەکان دەبێت ئەوانەى کاڵاکانیان‌و بەروبوومیان بۆ بەشەکانی تری عیراق هەناردە دەکەن، ئێمە لەهەرێمی کوردستان وا ئێستا هەمان یاسای عیراقی جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەى خاوەن کارگەکان سوودمەند بن لەو یاسایه، بەڵام گرفتەکان هەندێکیان ماون‌و ڕیگری دەکرێت لەگواستنەوەى کاڵاکان بۆ بەشەکانی تری عێراق .

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا حكومەتی هەرێم بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كار بەهەمان یاسای (قانون حمایە المنتجات العراقیە رقم (11) لسنە 2010) دەكات؟
کەمال موسلیم: بەڵی هەمان یاسا ئینفاز کراوەو چەند بڕگەیەکی هەموار کراوە .

بازرگانی‌و پیشەسازی: وەك ئاشكرایە هێمای بازرگانی لەسەر ئاستی هەرێم‌و عێراق بەجیا تۆمار دەكرێت، واتا بازرگانێك دەبێت دووجار هێما تۆمار بكات، ئەمەش جاری واهەیە كێشەی دوبارەی هێما دروست دەبێت، چ كارێك كراوە بۆ یەكخستنی تۆماری هێما؟
کەمال موسلیم: لەماوەى رابردوودا هەوڵ دراوە بۆ ئەوەى وەزارەت لەگەل حکومەتى عێراقی لەوەزارەتى بازرگانی‌و وەزارەتى پیشەسازى جۆرێک لەیەکگەیشتن هەبێت بۆ کارەکان واتە تۆمارکدنى هێماى بازرگانی کە تاکو ئێستا بەدوو شێواز مامەڵەى لەگەلدا دەکرێت، بەلام لایەنى عێراقی جۆرێک لەکەمتەرخەمى دەکەن لەتۆمارى هێماى بازرگانی‌و پاراستنی مافی فیکری، کە ئێمە تاکو رادەیەکى زۆر ئاگاداری پرۆسەکەین، ئەوەش بەهەوڵی وەزارەت‌و دڵسۆزى‌و زیرەکى کارمەندانى وەزارەت .

بازرگانی‌و پیشەسازی: ماوەی چەندین ساڵە کارکردن لەناوچە پیشەسازییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران وەستاوە ھۆکارەکەی چیە؟
کەمال موسلیم: ناوچە پیشەسازییەکان یەکێکە لەئەولەویاتی وەزارەت کە گرنگیەکى ستراتیجی هەیە بۆ ئێستاو دواڕۆژى هەرێمی کوردستان‌و لەسالانى رابردوو ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد، بەڵام تەواو نەیووە لەبەر چەند هۆکارێک وەک نەبوونى بودجەى پێویست دواى سەرهەڵدانى چەند قەیرانێک وەک قەیرانى دارایی‌و شەڕی داعش‌و هۆکارە نێودەوڵەتیەکان، ناوچەى پیشەسازی ئێستا وەک ئەرک‌و کارەکان بۆ نێو دەستەى وەبەرهێنان گواستراوەتەوە، بەڵام سەڕەرای ئەوە وەزارەت لەپلانیدا هەبوو که یانزە ناوچەى پیشەسازی دروست بکرێت .

بازرگانی‌و پیشەسازی: بە چ یاسایەک مۆڵەت دەدەنە کارگەکانی کەرتی پیشەسازی بەیاسا کۆنەکە یان یاسای ٢٠ کە ھەموو عێراق پەیرەوی دەکات؟
کەمال موسلیم: بەیاسای نوێیەکه مۆڵەت دەدەینە دامەزراندنى کارگەکان لەهەرێمى کوردستان .