کۆربەندی ئابوری ئیماراتی – عێراقی بە بەشداری سەرۆکی ژوور بەڕێوەچوو

بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی بازرگانی‌و وەبەرهێنان لەنێوان دەوڵەتی عێراق‌و ئیمارات کۆڕبەندێکی هاوبەش ئەنجامدرا، کە سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی دەوڵەتی ئیمارات تیا ئامادە بوو، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و وەزیری بازرگانی عێراق‌و سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی تیایدا بەشداربون.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەمبارەوە رایگەیاند “لەشاری بەغدا بەشداریمان کرد لەکۆڕبەندی بازرگانی‌و وەبەرهێنانی عێراق ئیماراتی کە ژمارەیەک لەکۆمپانیا ئیماراتیەکان بەسەرۆکایەتی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ئیمارات ئامادە بوون، بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان‌ لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی کوردستان”.

راشیگەیاند “لەیەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمەڵێک لەکۆمپانیاکانی ئیمارات کرد بۆ بەهێزکردنی کاری بازرگانی‌و وەبەرهێنان لەشاری سلێمانی‌و پشتیوانی کردنیان بۆ هەر کارێک بیانەوێت ئەنجامی بدەن”.

ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ کۆمپانیای ئیعماری ئیماراتی کۆبومەوە و داوام لێکردن وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی بکەن کە دەتواندرێت هاوکری تەواویان بکرێت و کارئاسانیان بۆ بکەین تا بتوانن کاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن ، بەخۆشحاڵەیە بەڵێنیاندا کە جاری داهاتوو بێنە شاری سلێمانی گفتوگۆ بکەن لەسەر کاری وەبەرهێنان چاویان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەوێت و پەیوەندیەکی بەهێز دروستبکەن.