حکومەتی هەرێم: بەرهەمی خۆماڵیی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئەوروپا دەکرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرهەمی خۆماڵیی جوتیارانی کوردستان لە ڕێگەی کارگەیەکی ناوخۆییەوە، هەناردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت و “یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم، بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانە”.

لە قەزای ئاکرێ، کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بەرهەمەکانی جوتیاران دەخاتە نێو کیسە و کارتۆنی تایبەتەوە، لەسەریان دەنوسێت (Made in Kurdistan) و ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکات.

لەمەودوا جوتیاران خەمی ئەوەیان نییە بەرهەمەکانیان چۆن و لەکوێ ساغ بکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەو کێشەیەی جووتیاران، چارەسەر دەکات.

مەحمود محەمەد، جوتیارە و ساڵانەی ئەو بەرهەمەی کە بەرهەمی دەهێنێت بۆ هەناردەکردن دەهێنێتە ئەو کارگەیە، دڵخۆشە بەوەی کە بەرهەمەکەی نەک تەنیا لە کوردستان؛ لە وڵاتانی دیکەش دەفرۆشرێن.

لەبارەی کاریگەریی ئەو کارگانەوە، مەحمود محەمەد بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، “کارێکی زۆر باشە و ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیا دامەزراون کە دەستپیشخەریی دەکەن و بەرهەمەکانمان دەبەنە دەرەوە کە بێگومان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرهەمەکانمان دەبێت”.

مەحمود، یەکێکە لەو جوتیارانەی کە سودی لەو دەستپێشخەرییە وەرگرتوە و بەرهەمەکەت هەناردەی دەرەوە کراوە، بە دڵخۆشییەوە باسی سوودەکانی کرد و وتی، “نەک تەنیا بۆ من، بۆ هەمو جوتیارێکی کوردستان سود هەیە”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی دامەزراندنی بە چەندین کارگەی ناوخۆیی دراوە، کە دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەرهەمە خۆماڵییەکان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بنێرنە دەرەوە.

برنج، سماق و تەحین وەک سێ بەرهەمی سەرەکیی خۆماڵی، بۆ هەناردەکردن ئامادەکراون و خراونەتە نێو بارهەڵگرێک و زۆری پێ ناچێت ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەفرۆشرێن.

ئاراس حامید، خاوەنی کارگەکە دەڵێت، “ئەو بەرهەمەی کە لە جوتیارانی دەکڕنەوە و بە چەند پڕۆسەیەکدا دەچێت و دەخرێتە ناو کیسە و کارتۆنەوە و بۆ هەناردەکردن ئامادەی دەکەن”.

خاوەنی کارگەکە ئەوەشی وتوە، “هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە وایکردوە بەرهەمی جوتیاران پارەی زیاتر بکەن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی بەرهەمی جوتیاران دەبێت”.

ئەو کارگەیە، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکان بنێرێتە وڵاتانی کەنداو و لەپاڵ ئەو هەنارەی هەناردە کراوە، برنج، سماق و تەحینی خۆماڵییش لە مارکێتەکانی وڵاتانی کەنداو بفرۆشرێن.

حکومەت، پاڵپشتیی جوتیاران دەکات و بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان هاوکاریانە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە و یەکێکیش لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم، بازاڕگەرییە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.