کارەبای سلێمانی: کارتی پری پەید لەسوودی هاوبەشانی کارەبادایە

‎ئا: زریان محەمەد

‎بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەستیکردووە بەدانانی پێوەری کارتی پری پەیدو کۆکردنەوەی تەواوی ئەو قەرزانەی لەلای هاوبەشانی پرۆژەی بازرگانی‌و پرۆژە پیشەسازیەکانە، کە دەبێت هەر بڕە پارەیەک قەرزدار بن سەرجەمی پاکتاو بکەن، گەر قەرزەکان پاکتاو نەکرێت ئەوا کارەبایان دەبڕدرێت.

‎سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوە بەرایەتی کارەبای سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” رایگەیاند “لەئێستادا ڕەوشی کارەبا لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەسەرەتای وەرزی پایزدا کە خواستی لەسەر کەمە، ڕۆژانە ۲٠ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بەهاوڵاتیان”.

‎دەربارەی وەرگرتنەوەی قەرزی پرۆژەی بازرگانی‌و پیشەسازی، وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتی “بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بەرپرسە لەدابینکردنی کارەبا بۆ شوێنە بازرگانیەکان‌و پیشەسازیەکان‌و هاوڵاتیان‌و بەرپرسین لەکۆکردنەوەی داهات، چونکە بەشێک لەو داهاتەی کە کۆیدەکەینەوە بەکاری دەهێنینەوە بۆ پرۆژەکانی خۆمان کە لەسەدا هەشتە، ئەگەر ئەو داهاتە کۆنەکەینەوە ئەوا ناتوانین هیچ پرۆژەیەک جێ بەجێ بکەین، هەربۆیە هاوبەشەکانی کارەبای بازرگانی‌و پیشەسازی کە لەسەرو پێنج ملێۆن دینار قەرزدار بن ئاگادار کراونەتەوە کە بچن پارەکانیان پاکتاو بکەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر نەچن بۆ پاکتاو کردن کارەباکەیان دەبڕدرێت، ئەگەر پێش ئەوەی کارەباکەیان ببڕدرێت سەردانمان بکەن ئەو پارەیەی لایانە بۆیان دەکەین بەسێ قیست بۆ ئەوەی توشی بێ کارەبایی نەبن”.

لەڕێکەوتی 28/10/2022، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌: “ئاگاداری هاوبەشانی کارەبای شوێنە بازرگانی‌و پیشەسازییەکان دەکەین، کە قەرزاری پارەی کارەبان بەبڕی پێنج ملێۆن دینار زیاتر، لەماوەی 10 ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبا بکەن، بەمەبەستی پاکتاوکردنی قەرزی کارەباکانیان.”

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو “هەر کەس قەرزەکە نەداتەوە، بەپێچەوانەوە لەدوای ئەو ماوەیە کارەباکانیان دەبڕدرێت.”

‎دەربارەی پێدانی کارەبا بەکارتی پریپەید بەهاوڵاتیان‌و شوێنە گشتیەکان، وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتی “دوای ئەوەی پرۆژەی پێوەری زیرەک گەشتە قۆناغەکانی کۆتایی، ئێستا حکومەتی هەرێم یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کە لەناو پێوەرەکەدا هەیە دەتواندرێت بەشداربوی کارەبا بیکات بەپری پەید، واتا کردنی بەکارت، کارەباکە سەرەتا دەکرێت دواتر بەکاری دەهێنیت، ئەمەش سودی خۆی هەیە، ئەوانەی دەیکەن بە پری پەید کارەبایان دەبێت بە بەردەوام، ئەوکات هاوڵاتی خۆی بەرنامەی بەکارهێنانی کارەبای خۆی دیاریدەکات‌و کارەبا بەهەدەر نادات، کارتەکە بەردەوام دەتوانێت بزانێت چەندی بەکارهێناوەو چەندی تیا ماوە”.

وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا لەشاری سلێمانی لەئێستادا ئەو پرۆژەیە چۆتە بواری جێ بەجێکردنەوە لەعەلوەی سلێمانی بەڕادەکانیان بوە بەپری پەیدو پڕۆژەی قەیوان سیتی‌و پاشا سیتی‌و بەرزاییەکانی قەیوان‌و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش کاری تێدا دەکرێت، ئەو وتی “لەناو بازاڕدا زۆنێکمان جیاکردۆتەوە سەرقاڵی ئەوەین لەوێش بکرێت بەکارت کە ۲٤ کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان پێدەدرێت‌و مۆلیدەیان نامێنێت، ئەمەش کاری وەزارەتی بازرگانییە کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین تا هاوڵاتی یەک کارەبی بەردەوامی هەبێت، کە ئەمەش سوودی بۆ هاوڵاتیان هەیە، چونکە کارەبای بەردەوام دەبێت‌و تەنها بەو کارتەی هاوڵاتی هەیەتی خۆی کارەبا بۆخۆی دابین دەکات”.

‎لەبارەی بڕینی کارەبای ماڵان گەر قەرزداربێت، وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتی” کارەبای ماڵان لەئێستادا نابڕدرێت لەشاری سلێمانی، بەڵام پسوڵەی کارەبا کە دەچێت بۆ ماڵان قەرزەکەی ڕاگیراوە تەنها سەرفیاتی ئەو مانگانە دەدات کە بۆی هاتۆتەوەو راستەوخۆ هاوڵاتیان دەتوانن ئەو پارەیە بدەن بەو کەسەی وەرەقەی کارەباکەیان بۆ دەبات”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک‌و 800 هەزار بەشداربووی کارەبا لەهەرێمی کوردستان هه‌یە، بڕی تریلیۆنێک‌و 261 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە، ئەو بڕە قەرزە هەمووی لەسەر هاوڵاتیان نییە، بەشێکی لەسەر شوێنە بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی‌و فەرمانگەکانە.

‎لەبارەی پرۆژەی ڕوناک کردنەوەی شەقامی سالم، سیروان محەمد وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتی “‎لەچوارچێوەی رێکخستنەوەی شەقامی سالم‌و جوانکردنی، کە یەکێکە لەشەقامە بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی، بەسێ قۆناغ بەبڕی زیاتر لە537 ملیۆن دینار تۆڕی رووناکیەکەی نۆژەن دەکرێتەوە، پرۆژەکە بەسێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت‌و لەئێستادا دوو قۆناغی دەستیپێکردووە، کە لەپردی رەئوف بەگەوە دەستپێدەکات، تاوەکو چوارڕیانی سەرچنار، تیایدا ستوونە کۆنەکان لادەبرێن‌و ستوونی نوێی بۆ دادەنرێت‌و گڵۆپەکانیشی لەسۆدیۆمەوە دەگۆڕێت بۆ جۆری لید، کە کارەبای کەمتر سەرف دەکات‌و بەسیستمی تایم زۆن ئیش دەکا، کۆی بودجەی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆژەکە بریتیە لە537 ملیۆن دینارو بەتەواوبوونی پڕۆژەکەش دیمەنێکی جوان بەشەقامەکە دەبەخشێت”.