ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند داواکاریەک ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەکات

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند داواکاریەک ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەکات

لەبارەی ئەو کێشەو گرفتانەی ڕوبەروی بەشێک لە بازرگانان بۆتەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەچەند خاڵێکدا کێشەو گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و پیشەسازان ئاراستەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق دەکات.

ڕونکردنەوە و دیاداشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی:-

لەچوارچێوەی سەردانەکەتان بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، خۆشحاڵین لەم یاداشتە هەندێک لەو کێشانە بخەینە بەردەم بەڕێزتان کە ڕووبەڕووی بەشێک لە بازرگانەکانمان لە پارێزگای سلێمانی دەبێتەوە.

هیوادارین لە ڕێگەی بەڕێزتانەوە چارەسەری ئەم کێشانە بکرێت بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی کەرتی تایبەت بکات لە سەرتاسەری عێراقدا.

  1.  سەرەتا ئاماژە بەوە دەکەین هاوردەکاران لە پارێزگاکەمان کاڵاکانیان لە ڕێگەی کۆماری ئیسلامی و بە کەڵک وەرگرتن لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ (کە دەکەوێتە ناو خاکی عێراق) دەگوازنەوە و مانیفێستێان هەیە کە لە لایەن کۆمپانیای گواستنەوەی زەمینی عێراقەوە دەرچووە لە ئێستادا ناتوانن سوودمەندبن لە نرخی فەرمی دۆلار هاوشێوەی هاوردەکارانی دیکەی عێراق. ئەم هاوردەکارانە کە هەموویان هاووڵاتی عێراقین، زۆرجار بە هۆکاری کردەیی، جوگرافی یان گرێبەستی ناچار ئەم دەروازەیە بەکاردەهێنن بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان، ئاواتەخوازن ، هەمان ماف بەدەستبهێنن وە لە سەر بنەمای یەکسانی بە هەمان شێوازی هاوکارەکانی تریان لە پارێزگاکانی تری عێراق.

2- پڕۆسەی گواستنەوەی کەلوپەل و بەرهەم لە نێوان سلێمانی و پارێزگاکانی تری عێراق بەتایبەت لە ڕێگەی بەغداوە، زۆرجار ڕووبەڕووی ئاستەنگی کارگێڕی دەبێتەوە لە بازگەکان، هەرچەندە ئەو بەرهەمە یان کەلوپەلانە لە ناوخۆی پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێن. ئاسانکاری ڕێگا وشکانیەکان تەنیا پێویستییەکی ئابووری نییە، بەڵکو مەرجێکی سەرکییە بۆ بە دیهێانی بازاڕێکی سەرکەوتوو لە عێراق لەژێر سەروەری یاسادا. بۆیە سوپاستان دەکەین  لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڕاستە بکەن بۆ کارکردن بەو مۆڵەتانەی کە بە کارگەکان دراوە لە پارێزگاکەمان، چ لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمەوە، هەروەها ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوە و دابەشکردنی بەرهەم و کاڵاکانیان لە گشت پارێزگاکانی عێراق.

  1.  وەک دەزانن کەرتی پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی کارگە دروستبووە کە بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی بازاڕی نیشتمانی دابین دەکات. بەڵام بەشێک لەو کارگانە لە ئێستادا و تادێت بە تایبەت کارگەکانی پۆڵا و ئەلمنیۆم و مس ڕووبەڕووی گرفتی گەوەر دەبنەوە لە گواستنەوەی ئەو کانزا کۆکراوانە بۆ کارگەکانیان بۆ بەرکار‌‌هێنانەوەیان. وەبەرهێنەرانی ئەم کەرتە گرنگە بەدوای دەستپێشخەری بەخشندەی ئێوەدا دەگەڕێن بۆ لابردنی ئەم ئاستەنگانە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان لە وە بەردەوام بن لە خزمەت کردنی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆ.
  2.  هەرچەندە یاداشتێکی تایبەت لە نێوان وەزارەتەکەتان و وەزارەتی بازرگانی یان پیشەسازی لە هەرێم واژۆ کرا لە ساڵی 2015 بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی پەیوەست بە تۆمارکردنی هێما بازرگانییەکان کە لەو کاتەدا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا، بەڵام مخابن هێشتا ئەم یاداشتە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و هێشتا پرۆسەی تۆمارکردنی هێما بازرگانییەکان تەواو نەبووە بە شێوزاێکی یەکگرتوو وە بە هەمان شێوازی پێشوو ئەنجام دەدرێت، واتە لە بەغدای پایتەخت و لە هەولێر. وەک دەزانن ئەم دۆخە بەردەوامە لە کەرتی پیشەسازیدا سەرلێشێواوی دروست دەکات لە کەرتی تایبەت، هەروەها حاڵەتەکانی ناکۆکی لەسەر هەمان ‌هێمای بازرگانی زیاد دەکات. ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا لە جەنابی بەڕێزتان دەکەین دەستپێشخەری بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتەی کە پێشتر باسمان کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە کێشەی دووبارەبوونەوە لە تۆمارکردنی ‌هێما بازرگانییەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیە هەڵپەسێردراوەکان بهێنرێت.

5- بەپێی ڕێنماییە کارپێکراوەکان، ئەو کۆمپانیا بازرگانیانەی لە هەرێم تۆمارکراون، لە ئێستا مافی ئەوەیان نییە سوودمەند بن لە نرخی فەرمی دۆلار، ئەگەر دووبارە خۆیان لە بەغدا تۆمار نەکەنەوە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕێکاری قورسە و دووبارەکردنەوەیەکی ناپێویستە کە بەسەر بازرگانانی هەرێمدا دەسەپێنرێت. لای ئێوە شاراوە نییە کە ئەم دۆخە ڕۆتینەکان زیاد دەکات و کاتێکی زۆری دەبات، کە ئەمەش لەگەڵ پرەنسیپی خێرایی لە تەواوکردنی مامەڵە و گرێبەستە بازرگانییەکان ناگونجێت و دەبێتە هۆی گرفت بۆ بازرگانان و دامەزراوەکانی هەرێم. بۆیە داواتان لێدەکەین چارەسەرێکی کردەیی بدۆزنەوە کە مافی بازرگانان و دەسەڵاتی دادوەری دامودەزگاکانی هەرێم لەبەرچاو بگرێت.

6- ئەو بازرگانانەی کە ڕاستەوخۆ بە ناوی خودی خۆیانەوە بازرگانی دەکەن (واتە بەبێ تۆمارکردنی کۆمپانیا) بێبەش دەبن لە بەدەستهێنانی دۆلار بە نرخی دیاریکراوی فەرمی بۆ پێدانی نرخی کاڵاکانی هاوردەی دەکەن، لەکاتێکدا لە واقیعدا ئەم بازرگانانە زۆرترین پێویستییان هەیە بە یارمەتی و هاندانی دەوڵەت.

  1.  وەرگرتنی تەواوی بڕی بەرهەمهێنراوی گەنمی پارێزگای سلێمانی بە نرخی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق.
  2.  کارئاسانی کردن بۆ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی بۆ چوونە ناو تەندەرینی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانی پەیوەست بە ڕێکارەکانی (مانیفێست، سیڵ، و خزمەتگوزارییەکانی تر) لە دەروازە سنوورییەکان کە دەکەونە پارێزگای سلێمانی، و گرنگی دان پێان لە چوارچێوەی بازنەی جوگرافی کارەکانیان.

لە کۆتاییدا هیوایەکی زۆرمان هەیە کە ئەم سەردانەی بەڕێزتان هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو ئەنجامدان و یەکخستنەوە و هەماهەنگیکردن و  هەوڵی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان  بۆ بەرژەوەندی کەرتی تایبەت وە پەرەپێدانی ئابووری عێراق.