ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سوپاسنامەیەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سوپاس نامەیەک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەدوای دەرکردنی بڕیاری وەستاندنی باج بەشێوەی هەڕەمەکی.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” دوابەدوای بڵاوكردنەوەی پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر وەستانی وەرگرتنی باج بەشێوەیەکی هەڕەمەكی لە پیشەوەران و خاوەن دووکان و پیشە بچووکەکان، وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ڕێكخراوەكانی كەرتی تایبەت سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین”.

راشیگەیاند “ئەم هەنگاوە بەچاكسازی وگرنگی پێدانی و بوژاندنەوەی كەرتی تایبەت دەزانین، ئەم بڕیارە خواست و داواكاری كەرتی تایبەتە و لەچەندین كۆڕو كۆبوونەوەدا بەیاداشت و ڕاپۆرت ئەم داوایەمان پێشكەشی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا هیواخوازە لیژنەیەكی تایبەت بە نوێنەرایەتی ژوورە بازرگانییەكان پێكبهێندرێت بۆ داڕشتنەوەی مەرجی زانستی بۆ وەرگرتنی باج لە پیشەوەران بەجۆرێك پشگیری حكومەت بۆ ئەو پیشانە لەبەرچاوبگیرێت.

داواشیکرد ئەم هەنگاوە بكرێتە بنەمایەك بۆ باجی كۆمپانیاو چالاكییە جۆراو جۆرەكانی تر كە باج لەسەر پوختەی قازانج وەربگیرێت وەك لەیاسا بەركارەكاندا هاتووە.