ژووری بازرگانی سلێمانی کار بۆ بەهێزکردنی توانا مرۆیەکانی پرۆژەی بچوک و مام ناوەند دەکات

بەمەبەستی پێشکەشکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم  پرۆژەی بچوک و مام ناوەند و بەرزكردنەوەی ئاستی تواناكانیان لە پارێزگای سلێمانی ڕێکخراوی BBW ئەڵمانی بەهاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی هونەری پێشکەشی پرۆژەی بچوک و مام ناوەند دەکات.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و د.سەلام عبدووڵا، بەڕێوەبەری گشتی ژوور پێشوازییانکرد لە (مارتین واڵ) شارەزا لەڕێکخراوی BBW ئەڵمانی.

لە کۆبونەوەکەدا (مارتین واڵ) شارەزای بەشی هونەری لەڕێکخراوی BBW ئەڵمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستپێکردنی کارکردن لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە مەبەستی بەرزركردنەوەی ئاستی توانا مرۆییەكان و كارگێڕی  پرۆژەی بچووک و مام ناوەند لە پارێزگای سلێمانی.

ئاماژەی بەوەدا ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ خاوەن پرۆژە کان دانیشتن دەکات بۆئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەو گرفتەکانیان ببنو بتوانن پشتیوانی هونەری بکەن بۆ چارەسەرکردنیان.

لای خۆشیەوە نەوزاد غەفوور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕایگەیاند” کارکردنی ڕیکخراوی BBW ئەڵمانی لەگەڵ ژووری بازرگانی دەبێتە هاوکارێکی گرنگ بۆ باشکردن و پێشکەوتنی پرۆژە بچوک و مام ناوەندەکان لەڕووی بەرزكردنەوەی توانا مرۆی و كارگێڕییەكان، کە لە ئێستادا ژووری بازرگانی گرنگی تەواو بە پرۆژە مامناوەند و بچوکەکان دەدەین”

ڕاشیگەیاند” پارێزگای سلێمانی هەمیشە پێشەنگبوە لە نوێگەری و داهێناندا هەربۆیە دەمانەوێت هەنگاوێکی زیاتری بەروپێشبردنی کاری ناوخۆ و بەرهەمهێنانی پرۆژە ناوخۆیەکان زیادبکەین و دەرفەتی کارکردن زیاتر برەخسێنین و گەنجان هانبدەین دەست بە پرۆژەی خۆیان بکەن”.

پاش کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، (مارتین واڵ) شارەزای بەشی هونەری لەڕێکخراوی BBW ئەڵمانی، لەناو بینای ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چاوی کەوت بەخاوەنی ژماریەک لە پرۆژەی بچوک و مام ناوەند تا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوکێشانەبێت ڕوبەڕویان بۆتەوە لە کاتی کارکردنیاندا.