ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەن

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد و لەلایەن یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆکی ژوور و ئازاد شمقار و ئاراس عەبدولکەریم ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبونەوەیەکدا باس لە گرنگی و پێویستی ھەماھەنگی کرا لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی کارئاسانی کردن بۆ چالاکییە ڕۆشنبیری و کلتورییەکان.

لای خۆشیەوە یاسین ڕەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە زیادکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان ژوور و ئەنجومەنی پارێزگا، ھیوای خواست لە نزیکەوە بەردەوام ئاگاداری کار و چالاکییەکانی یەکتر بن و ھەمیشە پێکەوە کار بکەن بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی شاری سلێمانی لە بوارە کلتوری و ڕۆشنبیرییەکان.

لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لە کردنەوەی چواروەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب کرا لە سلێمانی کە لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە سەرپەرشتی کارەکانی دەکرێت و بانگەشتنامەی فەرمی درایە بە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، تاکو بتوان سەردانی پێشەنگاکە بکەن کە سبەی ٥ شەممە دەکرێتەوە.