ژمارەیەک بازرگانی شاری قوم سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی دەکەن

بەمەبستی زیاتر ئاگاداربون لە کاری بازرگانی و پیشەسازی‌و کشتوکاڵی شاندێکی بازرگانانی شاری قوم لە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیان کرد.

‎یاسین ڕەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی و ئازاد شمقار، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ژمارەیەک لە بازرگانانی شاری سلێمانی لەبوارە جیاوازەکاندا ڕێکەوتی ۲٠۲۲/۱۱/۲۱ کۆبونەوەیان لە بارەی پەیوەندییە بازرگانیەکان و کاری هاوبەش ئەنجامدا.

‎لەکۆبونەوەکەدا یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “شاری سلێمانی سێهەم گەورەترین شاری عێراقە و گەورەترین شاری هەرێمی کوردستانەو زۆرترین کاری پیشەسازی لە شاری سلێمانیە، ژووری بازرگانی سلێمانی خاوەنی ٥٠ هەزار ئەندامە و ژووری بازرگانی سلێمانی ٥٥ ساڵە کاردەکات خاوەنی پێشانگای نێودەوڵەتی تایبەت بەخۆیەتی و خاوەنی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەیە کە بازرگانان بە شێوەیەکی تەندروست خۆراک و کاڵاکانیاین دەپارێزن.

‎راشیگەیاند “سلێمانی پەیوەندی بازرگانی باشی هەیە لە گەڵ ووڵاتە دراوسێکان و جیهاندا بەردەوام پشتیوانی لە کاری بازرگانی دەکات بەکوالێتی بەرز و کاری دروست، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە هەر بازرگانێک لە ئێرانەوە کاتێک دێتە سلێمانی بۆ کارکردن گەر پشتیوانی ژووری بازرگانی شارەکەی خۆی پێبیت یان لە کۆنسوڵگەریەوە ئەوا ئێمە پشتیوانی دەکەی و کاری لەگەڵ دەکەین.

‎ئاماژەی بەوەشدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یەکێکە لەو ژورە بازرگانیانەی لەسەر ئاستی عێراق کە بەشی کشتوکاڵی زیادکردووە و بەردەوام پشتیوانی لەکەرتی کشتوکاڵی دەکات و ئەو کێشەو گرفتانەی هەیانە هەوڵی چارەسەرکردنیان بۆ دەدرێت هەربۆیە ژووری بزرگانی بۆ ساڵی ۲٠۲۱ وەک چالاکترین ژوور دەستنیشانکرا لە لایەن یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق مەدالیای ئاڵتونی پێ بەخشرا.

‎جێگری سەرۆکی ژوور ئەم سەردانکردنە بەکردنەوەی پەنجەرەیەکە لە نێوان هەردولادا ناودەبات بۆ ئەجامدانی کاری بازرگانی و پیشەسازی بەهێز کردنی پەیوەندی بازرگانی، پێویستە بازرگانانی ئێران بیرکردنەوەی کارکردنیان بگۆرن چونکە گۆڕانکاری بەسر کاری بازرگانانی کوردستاندا هاتووە ساڵانی پێشوو زۆر پێویستمان بە چیمەنتۆبوو بەڵام ئێستا خۆمان بەرهەمان زۆرە و هەناردەی دەکەین لە چەندین جۆری کاڵای تردا کارگەمان هەیە و لەناوخۆدا بەرهەم دێنین بۆیە پێویستە بازرگانانی ئێران بیر لەوە بکەنەوە کاری سەرمایەگوزاری لە سلێمانی بکەن چونکە یاسایەکی زۆرباش و گونجاومان هەیە بۆ وەبەرهێنان حکومەتیش پشتیوانی لە دروستکردنی کارگە دەکات لەناوخۆدا.

‎یاسین رەحیم، جەخت لەوەش دەکاتەوە” بەهۆی نەبونی سیستمی بانکی نەتواندراوە کاری ئاڵوگۆڕی پارە لە ڕێی بانکەوە بێت بازرگانان بە حەواڵە لە نێوان سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران کاڵا دەکرن و هەندێکجار ئەوەش بۆتە کێشەو گرفت بۆ بازرگانان”.

بازرگانانی شاری قوم خۆشحاڵیان دەربڕی بەو جۆرە کۆبونەوانەو پێشوازیکردنی ژووری بازرگانی لێیان هیوایان خواست بتوانن کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی ئەنجام بدەن.

‎لەشاری قوم ۷ شارۆچکەی پیشەسازی هەیە لە دروستکردنی پێڵاو چیمەنتۆ و خۆراک و چەند بوارێکی دیکە کاری بازرگانی دەکرێت وە بازرگانانی شاری سلێمانی پەیوەندی کاری هاوبەشیان هەیە لەگەڵ قوم ئەم سەردانکردنانە سود وەرگرتنە لەپەیوەندی و بەهێزکردنی کاری بازرگانی نێوان هەردولا.