ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ هەرێم هەمواردەکرێتەوە

ژمارەیەک وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەشنووسی ڕێنمایی هێنانی ‏کرێکاری بیانی بۆ هەرێم هەمواردەکەنەوە و گۆڕانکاریی تێدا دەکەن.‏

لەبارەی ئەو پرسەوە، وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و ‏کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی داڕشتنەوەی ‏ڕێنمایی نوێن بۆ چۆنیەتی هێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.‏

ئەم وەزارەتانەی حکومەتی هەرێم لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی ‏ڕەشنووسەکە و تێیدا شێوازی هێنانی کرێکاری بیانی و مەرجەکانی پێدانی مافی مانەوەی ‏کاتی بە کرێکارەکان دادەڕژرێتەوە.‏

لەبارەی کۆبوونەوەی لیژنەکە، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم، ڕایگەیاندووە، ‏‏”ئامانج لە داڕشتنەوەی ئەم ڕێنماییە ئەوەیە، کە دەرفەتەکانی کار زیاتر بۆ گەنجان و ‏هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگونجێنرێت و هاوکات لەو بوارانەشدا کە پێویستمان بە ‏دەستی کاری دەرەوەیە، ڕێگە بدرێت سوود لە ئەزموون و توانای کرێکار و کارمەندی ‏بیانی وەربگیرێت”.‏

لیژنەی داڕشتنەوەی ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی ئامانجەکانی لیژنەکەی بۆ ئەم چەند ‏خاڵە کورتکردووەتەوە:‏

یەکەم: ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر بۆ لاوان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.‏

دووەم: پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی پێدانی ڤیزا و کارتی نیشینگە بۆ کرێکاری بیانی.‏

سێیەم: ئامادەکردنی ئامارێکی دروست بۆ ژمارەی کرێکارانی بیانی لە ھەرێمی ‏کوردستان.‏

چوارەم: خستنەڕووی میکانزمەکانی کێشە و گرفتەکان بەپێی دوایین یاسا و ڕێنمایی، ‏لەلایەن ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.‏

پێنجەم: ئامادەکردنی ڕێنماییەکان لە نزیکترین کاتدا، بەرزکردنەوەی ڕەشنووسێک بۆ ‏کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تاوەکو لە نزیکترین کاتدا بخرێتە بواری ‏جێبەجێکردنەوە.‏