قەبارەی بودجەی ئه‌مساڵی عێراق 90 ملیار دۆلارە

پسپۆڕێکی ئابوریی عێراقیی ئاشكرایده‌كات، قەبارەی بودجەی ئه‌مساڵی عێراق بە90 ملیار دۆلار بڕیاری لەسەر دەدرێت، دەشڵێت، “خەرجی ساڵانەی حکومەتی عێراق دەگاتە نزیکەی 130 ترلیۆن دینار”.

سەفوان قوسەی پسپۆڕی ئابوریی عێراقیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، “لەبودجەی ئەمساڵدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان (60 بۆ 65) دۆلار هەژماردەکرێت، بەوەش قەبارەی بودجەکە نزیکەی بە90 ملیار دۆلار بڕیاری لەسەر دەدرێت”.

بەوتەی قوسەی، خەرجی ساڵانەی حکومەت دەگاتە 130 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەگەربێت‌و حکومەتی داهاتوو سەرکەوتوبێت لەدۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ پشتیوانیکردنی دیناری عێراقیی جا لەڕێگای گەڕانەوەی ئەو پارەیە بێت کە بۆ قەرەبوکردنەوەی شەڕی کوێت تەرخانکرابوو، یان یان دانانی باجی ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی گشتیی فەرمانبەران، ئەوە دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی دیناری عێراقیی‌و بەرزکردنەوەی بەهاکەی بەرامبەر بەدۆلار بەکاربهێنرێت”.

قوسەی بەدوریزانیوە جارێکی تر بەهای دینار بگەڕێتەوە بۆ نرخە کۆنەکەی، بەڵام پێشبینیکردوە کە ڕەنگە بەهاکەی بۆ 1340 بەرامبەر بەدۆلارێک دیاریبکرێت، ئەویش ئەگەربێت‌و حکومەت بتوانێت خەرجییە گشتییەکان کەمبکاتەوە، هەروەک ڕونیشیکردۆتەوە کە پێدەچێت قەبارەی بودجەی ئەمساڵ 90 ملیار دۆلار بێت