ڕوسیا هەناردەی گاز کەمتردەکاتەوە و ئەوروپا دەیەوێت دەستبەرداری ببێت

رێکخەری وزە لە یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەی گاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا کەمتردەکاتەوە و دەڵێت، “پاڵنەری سیاسی” لە پشت بڕیارەکەوەن.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیرانی وزەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی هەناردەی گازی ڕوسیا.

کادری سیمسۆن ڕێکخەری وزەی یەکێتیی ئەوروپا لەکاتی گەیشتنی بە برۆکسل بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، “دەزانین هیچ کێشەیەکی تەکنیکی هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەی گاز نیە، پاڵنەرەکانی ئەو بڕیارە سیاسین، بۆیە دەبێت ئامادەکاریی بۆ بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمکردنەوەی هەناردەی گاز لەلایەن ڕوسیاوە بەڵگەیەکی نوێیە بۆ پێویستیی پشتنەبەستن بە مۆسکۆ.

سەرۆک وەزیرانی چیک کە ئێستا سەرۆکایەتیی ئەم خولەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “بڕیاری گازپرۆمی ڕوسی بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی گاز کە دوێنێ ڕایگەیاند، پێویستی دەکات لەسەرمان پشتنەبەستین بە گازی ڕوسیا یان بۆ سنووری بۆ دابنێین بە زووترین کات”.

باسی لەوەشکردووە، کە ڕێکدەکەون بۆ دانانی سنوورێک بۆ بەکاربردنی گازی ڕوسیا “من دڵنیام ئەمڕۆ ئەوە دەکەین”.

لە ئەڵمانیا حکومەتی وڵاتەکە داوا لە هاوڵاتییەکانی دەکات بەکارهێنانی گاز کەمبکەنەوە، ئەوەش دوای بریارەکەی دوێنێی گازپرۆم.

ڕۆبەرت هابک جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری کاروباری ئابوری و پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، ڕوسیا “یارییەکی فێڵبازانە” دەکات، بە ڕاگەیاندنی کەمکردنەوەی هەناردەی گاز لەڕێگەی هێڵی نۆرد ستریم 1ـەوە.

هابک دەڵێت، ڕوسیا سەرجەم بەڵێننامەکانی پێشێلکردووە و یارییەکی فێڵبازانە دەکات، ئەمە وامانلێدەکات بەڕوونی بڵێین: پێویستە بەکارهێنانی گاز کەمبکەینەوە، هەڵگرتنی گاز بۆ زستان زیاتر بکەین و حکومەتی ئەڵمانیاش لە هەوڵی ئەوەدایە.