پێشبینیده‌كرێت به‌رمیلێك نه‌وت بگاته‌ 500 دۆلار

جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “ئەگەربێت‌و فرۆشتنی نەوتی ڕوسیا قەدەغەبکرێت‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەبن، ئەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا دەگاتە 300 دۆلار”، ده‌شڵێت:”بەشێک لەپسپۆڕانیش پێشبینیدەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 500 دۆلار”.

ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی‌و لەبارەی ئەگەری دەستبەرداربوونی ڕۆژئاوا لەکڕینی نەوتی ڕوسیا وتى:”ڕوسیا بەردەوامدەبێت لەپاراستنی ئەو ئاستەی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت، هەرچەندە بەشێک لەکۆمپانیا بیانییەکان کە له‌کەرتی نەوتی ڕوسیا کاردەکەن، باس لەئەگەری کۆتاییهێنانی کارکردنیان لەو وڵاتەدا دەکەن”.

بەرپرسە باڵاكه‌ى ڕوسیا باسی لەوەشکرد، “ڕوسیا توانای ئەوەی هەیە ئەو جێگایانەی نەوتی بۆ هەناردە دەکات هەمەچەشن بکات‌و تەنها پشت بەڕۆژئاوا نەبەستێت”.

بەوتەی نۆڤاک، “لەحاڵەت‌و ئه‌گه‌رى سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ڕوسیاو دەستبەرداربوونی ڕۆژئاوا لەکڕینی نەوتەکەی، ئەوە نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 300 دۆلارو بەشێکیش لەپسپۆڕان پێشبینیدەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 500 دۆلار”.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوەدەکەن، یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاریی بۆ سەپاندنی پێنجەم گورزی سزاکانی بۆسەر ڕوسیا دەکات، جگەلەوەی یەکێتییەکە هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ڕوسیاش دەکات.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵاى ئەوروپی وتویەتی:”هەرچەند لەماوەی ڕابردوودا یەکێتیی ئەوروپا پێنج گورزە سزای بەسەر ڕوسیادا سەپاندووە، بەڵام مۆسکۆ هیچ گۆڕانکارییەکی لەسیاسەتی خۆی بەرامبەر بەئۆکرانیا نەکردووە، لەبەرئەوە وڵاتانی ئه‌ندام له‌یەکێتییەکە خۆیان یەکلایی ده‌کەنەوە کە ئایا هاوردەکردنی نەوتی ڕوسیا قەدەغە دەکەن یان نا”.