عێراق: تەنها بەشی سێ مانگ گەنممان هەیە

وەزیری كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، “ئەو گەنمەی لە كۆگاكاندا ئەمباركراوە تەنها بەشی سێ مانگ دەكات”.

محەمەد مەهدی خەفاجی وەزیری كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینیدەكەن بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی ناوخۆ بگاتە سێ ملیۆن تۆن، بەوەش 500 هەزار تۆن كەمتربێت بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كە سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتبوو.

محەمەد مەهدی خەفاجی ئەمڕۆ سێشەممە لێدوانی بۆ میدیای عێراقی دا و ئاشكرایكرد، پلانیان هەیە لە وەرزی كشتوكاڵیی داهاتوودا بەرهەمی ناوخۆ زیادبكەن و گەنم بگەیەنن بە ڕادەی خۆژێنی.

بەپێی وتەی وەزیری كشتوكاڵی عێراق، “ئەو گەنمەی لە كۆگاكانی وەزارەتی بازرگانیدا ئەمباركراوە، تەنها بەشی سێ مانگ دەكات”.

لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا و بەر لە دەستپێكردنی وەزری چاندنی گەنم، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاندبوو، “پێدەچێت لە وەرزی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمی عێراق نەگات بە دوو ملیۆن تۆن و ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە، كە بەهۆی كەمبوونەوەی ڕووبەری چێندراو بە گەنم و كەمبوونەوەی ئاوەوە ڕووبەڕووماندەبێتەوە”.