پلاندانانی عێراق: داهاتی تاکی عێراقی لەمساڵدا زیادیکردووە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2022دا داهاتی تاکی عێراقی زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوەیە لەمساڵدا.

عەبدولزەهرە هینداوی وتەبیژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە، تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاک لە ساڵی 2021دا بۆ هەر تاکێکی عێراقی پێنج بۆ شەش ملیۆن دینار بووە، کە بەرامبەرە بە چوار هەزار دۆلار بەپێی نرخی ئەوکاتە.

ئاماژەی بەوەکردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە پشکی گەورەی لە بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتدا هەیە، هۆکاربووە بۆ زیادبوونی داهاتی تاک لە عێراق لەمساڵدا.

لەگەڵ ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە تەواوی دیارینەکردووە کە داهاتی تاک چەندە بەڵام جەختدەکاتەوە، لەمساڵدا داهاتی تاک زیاترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.