پارێزگارەکانی ھەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و ژوورە بازرگانیەکان سەردانی ئێران دەکەن

ئەمڕۆ، پارێزگارەکانی ھەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەبەرخۆکان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک، لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد.

سەردانەکە لەسەر بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و مەبەستی زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی و کلتوری و گەشتیارییەکانی ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، لەو سەردانەیاندا، لەگەڵ پارێزگاری سنە و ورمێ و کرماشان بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری دەکەن لە ئێران، کە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا ، لە کۆبونەوەکاندا شاندی ژوورە بازرگانیەکانی سنە و ورمێ و کرماشان بەشدار دەبن و پەیوەندییە بازرگانیەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەھێزتر دەکەین و سەرجەم کێشە و گرفتەکان باس دەکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.

شایەنی باسە شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێکھاتووە لە بەڕێزان سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆک، و ئازاد عەبدولکەریم، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور.