٥٠٠ تۆن ھەنگوین لەساڵی ٢٠٢٢دا لەپارێزگای سلێمانی بەرھەمھاتووە

ئا: رێژەن سەردار

کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ھەنگوینی ئەمساڵ له‌ڕووی کوالێتییەوە زۆرباش و نایابه‌، ئەو دەڵێت “به‌داخه‌وه‌، تاكو ئێستا لەھەرێمی کوردستان تاقیگە نیە بۆ پشكینی كوالێتی هه‌نگوین زۆر به‌ئه‌سته‌م ده‌توانرێت هه‌نگوینی باش له‌هه‌نگوینی ساخته‌ جیا بكرێته‌وه”.

لوقمان عومەر، کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مهێنانی هه‌نگوین‌و سازدانی ڤیستیڤاڵی هه‌نگوین له‌شاری سلێمانی به‌ڕۆژنامەی ”بازرگانی و پیشه‌سازی” راگه‌یاند ”کۆمەڵەی ھەنگەوانان کۆمەڵەیەکی پیشەیی زانستییە لەساڵی ٢٠٠١ دامەزراوەو نزیکەی سێ ھەزارو ٢٠٠ ئەندامی ھەیە، یەکێک لەچالاکییەکانی کۆمەڵەکە، ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی ھەنگوینە کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵ حەوتەمین ڤیستیڤاڵی ھەنگوین لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا لەژێر دروشمی (ھەنگ بۆ ژینگەو ھەنگوین بۆ ژیان) لەم ڤیستیڤاڵەدا ٣٤ ھەنگەوان بەرھەمەکانیان نمایش کرد”.

له‌ باره‌ی كوالێتی و جۆره‌كانی ھەنگوین، لوقمان عومەر وتی “هه‌نگوینی باش‌و خراپ له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ھەیە، ھەنگوین تاکو لەگوڵی سروشتیەوە نزیک بێت‌و پورە هەنگەکان لەئاوەدانیەوە دور بێت‌و لەژینگەیەکی سروشتیدا بێت‌و دەستی مرۆڤی نەگاتێ دەتوانرێت پێیبوترێت ھەنگوینی باش‌و كوالێتی به‌رزە”.

وتیشی “بەگشتی ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەباشترین جۆرەکانی هەنگوینی دنیا، لەڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانیش بەیەکێک لە١٠ باشترین ھەنگوینەکانی جیھان هەژمار دەکرێت، ھۆکارەکانی باشی ھەنگوینی کوردستان ئەوەیە، هه‌رێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە گوڵی سروشتی، ھەنگ شیلەی ئەو گوڵە سروشتیانە کۆ دەکاتەوە، ھۆکارێکی تری ئەوەیە ڕێژەی شێ لەھەنگوینی کوردستاندا کەمە، ھۆکاری سێھەمیش ئەوەیە خاکی کوردستان زۆر بەپیتە ئەمەش وادەکات چەندین مادەی بەسوود لەھەنگوینی کوردستاندا ھەبێت”.

له‌باره‌ی بڕی هه‌نگوینی ئه‌مساڵ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان وتی “ئامارێکی وردو دروست لەبارەی بڕی بەرھەمھێنانی ھەنگوین لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەبەردەستدا نیە، بەڵام ھەنگوینی ئەمساڵ زۆر زۆر باش‌و نایاب بوو، لەکورەیەکدا ٧ بۆ ١٠ کیلۆ ھەنگوین بەرهەم هاتووە، بۆیە بەمەزندەی ئێمە زیاتر لە ٥٠٠ تۆن ھەنگوین لەساڵی ٢٠٢٢ بەرھەمھاتووە لەشاری سلێمانی”.

له‌باره‌ی نرخی هه‌نگوین له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، لوقمان عومەر وتی ”ئەو هەنگوینەی لەبازاڕدا بەنرخی ١٠ ھەزار دینار دەفرۆشرێت لەڕاستیدا ئەوە ھەنگوین نیە، چونکە بەرھەم ھێنانی ھەنگوین زۆر قورسە هەر پارەی کەرەسەو ئامدەکارییەکانیشی نییە، ھەنگێک ڕۆژانە ھەزارو ٤٠٠ گوڵ دەگەڕێت تاکو شیلە کۆبکاتەوە، ئەوەی دەدرێت بە ١٠ ھەزار دینار دروستکراوەو ھی وڵاتانی دراوسێیەو دەهێنرێتە هەرێمی کوردستانەوەو بەهەرزان ساغ دەکرێتەوە، نرخی ھەنگوینی ئەسڵ کیلۆی لەنێوان ٤٠ بۆ ٨٠ ھەزار دیناردایە له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگوینی ئه‌سڵیش هەیە لەکلۆری دارەکان لەناوچە کویستانییەکان دەدۆزرێتەوە، ئەو نرخی ١٠ هەزار دینارە بەهای ماندووبونی ھەنگەوانەکەش نییە، هەنگوینی کوردستان باشترین جۆری ھەنگوینە، ھەنگوینی ساختە تەنھا ھی وڵاتانی دراوسێیەو ئەگینا ھەنگەوانەکانی ناوخۆ کاری ساختە ناكەن”.

له‌باره‌ی چۆنیەتی جیاكردنه‌وه‌ی هه‌نگوینی ساخته‌ له‌هه‌نگوینی ئه‌سڵ، کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان رایگه‌یاند ”تاكو ئێستا لەھەرێمی کوردستان تاقیگە نیە بۆ پشكنینی هه‌نگوین، به‌ڵام زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی سەرقاڵی کڕینی تاقیگەیه‌کن تایبه‌ت به‌پشكنینی كوالێتی هه‌نگوین، هیوادارین به‌زووترین كات ئه‌و تاقیگه‌یه‌ دابنرێت‌و ده‌ست بكات به‌كاركردن، چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ته‌ندروستی هاوڵاتیان، لەئێستادا باشترین کار ئەوەیه‌ هاوڵاتیان لەپێشەنگاکان ھەنگوین بكڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاستەوخۆ کریارەکان دەتوانن ھەنگوین لەھەنگەوانان بکڕن بەتایبەتی لەو ڤیستیڤاڵانەی کۆمەڵەی ھەنگەوانان دەیکاتەوە لەژێر چاودێری وردایەو شتی خراپ نافرۆشرێت، تاکە ڕێگە متمانەیە، ئەوانەی زۆر شارەزاشن لەسەدا ٥٠ دەتوانن بزانن ھەنگوینەکە ئەسڵە یان ساختەیە، چونکە تەنھا تاقیگە دەتوانێت له‌سه‌دا ١٠٠ كوالێتی هەنگوین دیاری بكات ئەویش لەکوردستان نیە”.

له‌باره‌ی جیاوازی ڕه‌نگی هه‌نگوین کە بەشێکیان رەنگیان زەردباوەو هەندێکیشیان مەیلەو رەشە، کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان وتی “شیلەی گوڵەکان ڕەنگی ھەنگوینەکە دەگۆرێت، شانەکان کە بەچکەکانی تێدا پەروەردە دەکرێت‌و گەرای تیا دائەنرێت، پاکژ دەکرێت بەمادەیەک کە پێیدەڵێن پرۆپۆس، ئەم پرۆسەیە ڕەنگی شانەکان دەگۆرێت، ئەگینا ڕەنگی ھەنگوینەکە ھەمان جۆڕە، تاکو ڕەنگەکەی تۆختر بێت باشترە، من ڕێنمایی ھاوڵاتیان دەکەم ھەنگوین بێ شانە بخۆن، بەڵام کەسێک حەزی لەشانە بێ شانەی ڕەش باشترە لەھی زەرد”.

له‌ باره‌ی هه‌نارده‌ كردنی هه‌نگوینی كوردستانیش بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئەو وتی ”تاکو ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی ھەناردە نەکراوە، بەڵام لەسەر ئاستی تاکە کەس دەبرێتە وڵاتانی کەنداوو ئەوروپا”.

کارگێری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ لەھەرێمی کوردستان دەتوانرێت یەک ملیۆن کورەی ھەنگوین دابنرێت، چونکە ئاوو ھەواو ژینگەیکی باش‌و لەبار ئامادەیە، ئەو وتی “گوڵ‌و گوڵزاری سروشتی زۆرمان ھەیە، دەتوانرێت بەرھەم ھێنانی ھەنگوین لەپێداویستی بازاڕەکان زیاتر بێت‌و بنردرێتە دەرەوە، لەئێستادا ھاوڵاتیانی کوردستان ھەنگوینخۆر نین، ئەمساڵ ھەنگوین زۆر بووە، باوەڕ ناکەم ھەنگەوانەکان بتوانن ھەمووی بفرۆشن، ھەنگوینی وڵاتاینیش لەبازاڕدا زۆرە کە بەشیوەی قاچاغ‌و فەرمی ھاوردە دەکرێت، ئەموش کێشەی دروست کردوە بۆ فرۆشتنی بەرھەمی ناوخۆ”.

وتیشی “کوردستان نیشتیمانی ڕەسەنی ھەنگە داوا لەدەسەڵاتداران دەکەم گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەن‌و پشتیوانی لەھەنگەوانەکان بکەن، ھەنگ پارێزگاری لەژینگە دەکات‌و ئەرکی ھەموومانە ئەم زیندەوارانە بپارێزین”.