٢٥ هەزار جوچک سوتان، داوا دەکرێت حکومەت قەرەبوی خاوەنەکەی بکات

لەهۆڵێکی بەرهەم هێنانی مریشکدا لە لەشاری هەڵەبجە بەهۆی شۆرتی کارەباوە تەواوی هۆڵەکە سوتا کە ٢٥ هەزار جوچکی تێدابووە زیانەکەی بە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

نازم عربدووڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند “خاوەنی کێڵگەی پەلەوەری دەرێن لە شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی شۆرتی کارەباوە تەواوی هۆڵەکەی سوتاوە کە ٢٥ هەزار جوچک و ١٧ تۆن عەلەفی تێدابووە، هیچ شتێکی بۆ دەرنەچووە”.

راشیگەیاند “خاوەنی کێڵگەکە ناوی ڕزگار قادر زیانەکانی بە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە ٢٥ دەفتەر دۆلار دەکات ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ خاوەنی هۆڵەکە بۆیە پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە بێنە سەرخەت بۆ قەرەبوکردنەوە و هاوکاریکردنی”.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت پێویستە پەلەبکات بۆ هەستانەوەی ئەو خاوەن کێڵگەیە بە پێدانی قەرزی درێژ خایەن و قەرەبوکردنەوە لەبەرئەوەی زیانەکەی هێندە زۆرە خاوەن پرۆژەکە قەرزداره‌ و پێشتریش به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌وه‌ توشی زه‌ره‌ر و زیانی زۆر بووه‌.