وەزیری پیشەسازی و بازرگانی: بەغدا بەڵێنی خەرج كردنی پارەی گەنمی جوتیارانی داوە

كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی و بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەغدا بەڵێنی خەرج كردنی پارەی گەنمی جوتیارانی داوە بۆ ساڵانی 2015 و 2016 و لە پرۆژە یاسای بودجەی 2023دا دانراوە.

كەمال موسلیم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عیراق باسیان لە ‌هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی لە ‌بەردەم كارەكانیان بوون كرد، كە پەیوەستن بە هەردوو وەزارەت و لێكتێگەیشتنی باش هەبوو بۆ نەهێشتنی كێشە و گرفتەكان.

وتوشیەتی، پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2014 دراوە، ئەوەی 2015 و 2016 دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عیراق قسەیان كرد و ژمارەیەك لە جوتیارانی هەرێمیش لە بەغدان، دڵنیایی تەواو دراوە بە جوتیارەكان كە پارەكە دابین كراوە لە نێو بودجەی 2023 ی عیراق و ئەگەر پەسەند كرا پێیان دەدرێت، یاخود‌ یەك لەسەر 12 خەرج دەكرێت ئەگەر بودجە پەسەند نەكرا.

لە ئێستادا شاندێكی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكومەتی هەرێم لە بەغدان و لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی عیراق لەبارەی ماف و شایستە داراییەكانی جوتیاران و كێشە و گرفتەكانی بەردەم كارەكانیان كۆبوونەوە.