وەزیری دارایی عێراق: ئەمساڵ 20 ملیار دۆلاری زیادەمان هەیە و پێویستییمان بە قەرز نابێت

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرزبونەوەی بەهای نەوت و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئەمساڵ حکومەتی عێراق سەرەڕای دابینکردنی خەرجییەکان 20000000 (بیست ملیار) دۆلاریش زیادەی داهاتی هەیە، بۆیە بۆ ساڵی 2022 حکومەت پێویستی بە قەرزکردن نابێت.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەشکرد، لەم کاتەدا کاریگەرییە ئەرێنییەکانی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەرکەوتون، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وایە بەردەوامی کارکردن بە یاسای بودجەی ساڵی 2021 توانای ئەوەی نیە روبەڕوی گۆڕانکارییە ئابورییەکان ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی عێراق پڕۆژەی جێگرەوەی بۆ پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک هەیە و باوەڕیشی وایە دادگای فیدڕاڵی بەگوێرەی روانگەی دادوەری پڕۆژەکەی هەڵوەشاندوەتەوە و هیچ فشارێکی لەسەر نەبوە، بۆیە وەزارەتی دارایی پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.

پەیوەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، عەلی عەلاوی وتی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی رادەستی حکومەتی فیدراڵی نەکردوە، چ ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نەوتەوە بێت یان داهاتی ناوخۆ و دەروازەکان، بۆیە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوتی هەرێم دەستوری و یاساییە”.