وەزیری بازرگانی هەرێم دەڵێت: ئاردو گەنم و خۆراك هەرزان دەبن

وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی ئاردو گەنم و خۆراک بەرەو ھەرزانبون دەڕوات بەھۆی چەند ھۆکارێک، ھاوکات کۆگاکانیشمان ئێستا بەجۆرێک پڕبون لە خۆراک كە شوێنی خۆراکی دیکەمان نییە.

ئاوێنە: کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند “لەمەودوا ئارد و گەنم و خۆراک ھەرزان دەبێت، ئەمەش بەھۆی رێککەوتنی نێوان روسیا و ئۆکرانیا کە ئەوە کاریگەری لەسەر نرخەکان ھەبوەو ھێوربونەوەی دۆخەکەش کاریگەری ھەبوەو ئەو ماددە خۆراکیانەی مانگانەش دەدرێت ئێستا بەردەوام دابەش دەکرێت و تا ئێستا شەش وەجبە دابەشکراوەو بەشێکی وەجبەی حەوتەمیش ھاتوە ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی کەلوپەل لە بازاڕ ھەیە.”

کەمال موسلیم وتیشی”ھەڵگرتنی ڕسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەلی خۆراک کاریگەری ھەبوەو رێگەی گرت لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و تا مانگی نۆ بەردەوام دەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حکومەت بڕیاری لێدەدات”.

وەزیری بازرگانی ئەوەشی خستەڕو “نرخی کەلوپەل ھەرزان بوە و تا ئێستاش کۆگاکانی ئێمە لە ھەمو شارەکان ھێندە پڕبوە کە شوێنمان نەماوە بۆ خۆراک، بۆیە خۆراکێکی زۆر ھاتوە.”