وەبەرهێنانی سلێمانی لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا هەڵوێستی خۆی راگەیاند

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی نیگەرانی خۆی لەبارەی زیادکردنی نرخی کارەبا لە پڕۆژەکان دەردەبڕێت و رایگەیاند، لایەنگری خەڵک دەکات و بۆ دەرچونی بڕیارەکان پێیویستە پێشوەخت دیراسە بکرێن، دەشڵێت، “لەگەڵ ئەوەداین بەرزبونەوەی نرخی کارەبا بەشێوەیەک بێت کە هاوڵاتیان لەتوانایاندا بێت و بەجۆرێکیش بێت رێگری بکات لە بەهەدەردانی کارەبا، بەڵام نەک لە 18 دینارەوە بکرێتە 156 دینار”.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، “کاتێک حکومەتی پڕۆژەەکانی وەبەرهێنان دروستدەکات پێویستە پشتگیری خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بکات، بەرزبونەوەی نرخی کارەبا دەبوایە بە دیراسە بکرایە و رەچاوی گیرفانی خەڵک بکرایە و دانیشتوانی پڕۆژەکان بەوجۆرە دۆخیان باش نییە بتوانن بەو پارەیە کارەبایان پێبدرێت، هیچ پڕۆژەیەک نیە تایبەت بێت بە خەڵکی بەتوانای و هەمو پڕۆژەکان سەرجەم چینەکانی تێدایە، بۆیە کاتێک نرخی کارەبا بەرزدەبێتەوە کاریگەری لەسەر خەڵک دروستدەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 67 پڕۆژەی وەبەرهێنانیان بۆ تەواوی سلێمانی کردوە و زیاتر لە 30 پڕۆژەیان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بون یاخود باری داراییان کەمترە لە مامناوەند، بۆیە رەچاوکردنی ئەو خاڵانە گرنگە، هەر بڕیارێک کە دەدرێت پێویستە دیراسە بکرێت پاشان بدرێت نەک بڕیارەکە بدرێت و کێشەی لێبکەوێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی نیگەرانی خۆی لە بەرزبونەوەی نرخی کارەبا دەربڕی و وتی، “لایەنگری خەڵک دەکەم و بۆ دەرچونی بڕیارەکان پێویستە پێشوەخت دیراسە بکرێن، لەگەڵ ئەوەداین بەرزبونەوەی نرخی کارەبا بەشێوەیەک بێت کە هاوڵاتیان لەتوانایاندا بێت و بەجۆرێکیش بێت رێگری بکات لە بەهەدەردانی کارەبا بەڵام نەک لە 18 دینارەوە بکرێتە 156 دینار”.

ئەوەشی خستەڕو، “کاتێک بڕیاری گرانکردنی نرخی کارەبا دەرچوە ئەوکاتە زانیویانە لەکاتێکدا ئەو بڕیارە پێویستی بە پێداوچونەوە و دیراسەکردن هەیە و دەبێت چاومان لە دۆخ و گوزەرانی خەڵک بێت، مەرج نییە کە پڕۆژەیەک کوالێتی باڵا بێت و خەڵکانێکی تێدابێت کە دۆخی گوزەیرانیان باش بێت”.

پەیوەست بەراگرتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتی، “هۆکاری راگرتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەبو کە ساڵی 2020 مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان کرایەوە پڕۆژەیەکی زۆر پێشکەکرا، ئێمە حساباتی خۆمان کردبو وەکو سلێمانی کە چەند پڕۆژەمان پێویستە، بۆیە لە ئێستادا بۆ ئەوەی بتوانین زەوی دابینبکەین بڕیاردرا کە پڕۆژەی نیشتەجێبون بەهیچ شێوەیەک جێبەجێ نەکرێت تاوەکو بڕیارێکی دیکەی لێدەدەچێت و ئێستا گرنگیمان داوە بە قەزاو ناحیەکان بۆ ئەوەی لەوێش پڕۆژە باش دروستبکرێن”.