هەنگوینی کوردستان ساغترین هەنگوینی جیهانە

‎ئا: زریان محەمەد ‎

دامەزرێنەری کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەمساڵ ‎هەنگو هەنگوین لەهەموو ناوچەکانی کوردستان باش بووە، ئەو دەڵێت “‎ئەمساڵ پوورە دانێکی زۆر هەبووە‎و لەگەڵ ئەوەشدا بڕی هەنگوین زۆر باش بووە، ‎کە مەزەندە دەکرێت ‎بۆ هەر کورە هەنگێک (٥ تا ١٠) کیلۆ بێت.

‎سیروان ماوەتی، دامەزرێنەری کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاند ئەمساڵ یەکێک بوو لەهەرە ساڵە باشەکان بۆ هەنگەوانانی کوردستان، ئەو وتی “بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەگاتە دەستمان هەنگو هەنگوین لەهەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باش بووە، ئەمساڵ پوورە دانێکی زۆر هەبووەو لەگەڵ ئەوەشدا بڕی هەنگوین زۆر باش بووە، کە مەزەندە دەکرێت هەر کورە هەنگێک (٥ تا ١٠)کیلۆ بێت، لەکاتێکدا لەساڵی ڕابردوو دۆخی هەنگ زۆر خراپ بوو بەهۆی کەمی شیلەو هەڵاڵەو نەخۆشیەکانەوە، لەسەدا سی بۆ چلی هەنگی کوردستان لەناوچوون بەرهەمیش زۆر خراپ بوو”.

وتیشی “هەنگوین لەوڵاتی ئێمە سێ جۆرە، جۆرێکیان هەنگوینی سروشتیە هی ناوچە شاخاویەکانە کە پشت بەگوڵو گوڵالەی سروشتی ئەو ناوچانە دەبەستێت کە ئەوە هەنگوینی لە ٪۱٠٠ سروشتیە، جۆرێکیتریان پشت دەبەستێت بەکێڵگە دەستییەکان ئەو جۆرە کەمێک ماددە کیمیایەکانی تیادا بەکاردێت، کە ئەمەش کەمێک کاریگەری بۆسەر هەنگوین دەبێت، جۆری سێهەم ئەو جۆرەیە کە شەکری بۆ دادەندرێت، ئەوەش هەنگوینی شەکر دروست دەکات”.

دامەزرێنەری کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان ‎ئاماژەی بەوەش دا کوردستان هەنگوینی زۆر باشی هەیەو یەکێکە لەو هەنگوینانەی کە لەجیهاندا بەکوالیتی بەرز ناسراوە، ئەو وتی “ئێمە پشکنینمان بۆ هەنگوینی ناوچەی سورداش، گوندی پێدارەو ناوچەی شەروەتە لەپشدەر و ماوەت کردووە، ئەنتیبایەتیکیان سفرە، هەنگوینێکی زۆر ساغن”.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئەو داتایانەی بڵاودەکرێنەوە، بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ تۆن دەبێت، لەکوردستاندا ١٥ هەزار هەنگەوان هەن، کە ٧٠٠ هەزار پوورەی هەنگیان هەیەو هەنگوینی کوردستان بووەتە جیهانی و خواستی زۆری لەسەرەو لەساڵی 2021دا 51 تۆن تەنیا بە ئیماراتی عەرەبی فرۆشراوە.

‎لوقمان عومەر، کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوا نانی کوردستان لەلێدوانێکدا دەربارەی هەنگوینی کوردستان وتی “هەنگوینی کوردستان یەکێکە لەهەنگوینە باشەکانی جیهان، لەبەرئەوەی ئاوهەواو ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینو بەخێوکردنی هەنگ بەهۆی بونی گەرمیانو کوێستانەوەو لەکوردستاندا گوڵی سروشتی زۆر جیاوازمان هەیە، کە ئەو شیلەیەی هەنگ کۆی دەکاتەوە لەزۆرترین جۆری گوڵ بەرهەمی دێنێت، ئەوەش تایبەتمەندییەکی ترە بۆ هەنگوینی کوردستانو ڕێژەی شێ لەهەنگوینی کوردستاندا دەگاتە ۱٤ پلە کەئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ باشی هەنگوینی کوردستان. خاکی بەپیت کاریگەری هەیە لەسەر ئەو شیلەو هەڵاڵانەی هەنگ کۆی دەکاتەوە کەوا دەکات هەنگوینی کوردستان ساغو باش دەربچێت”.
‎وتیشی” لەمساڵدا هەنگوینێکی زۆر باش هەیە لەسەرتاسەری کوردستاندا، هەموو هەنگەوانان لەبەرهەمەکانیان ڕازینو بەپێی پێشبینییەکانمان لەهەر کورە هەنگێک پێنج بۆ دە کیلۆ هەنگوین هەبێت”.
‎بەشێکی زۆری هەنگەوانان لەهەرێمی کوردستان ساڵانە بەپێی کەشوهەوای ناوچەکانیان بەرهەمهێنانی هەنگوینیان زۆردەبێت یان کەم دەکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێشبینی بەرهەمێکی زۆری هەنگوین دەکرێت لەتەوای هەرێمی کوردستان.