هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی هۆکارەکانی ئاشکرادەکات.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دینار بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەگەڕێتەوە، کە بۆ نیوە کەمیکردووەتەوە.

بەپێی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە، بۆ رۆژی دووشەممە 124 ملیۆن و 991 هەزار دۆلاری خستووەتەڕوو و ئەوەش بۆ حەواڵە و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دیکە، لەکاتێکدا ئەوە بەراورد بە هەفتەی پێشوو بۆ نیوە کەمبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، هۆکارێکی دیکە ئەو گۆڕانکارییە لە نرخی دۆلاردا مامەڵەی بانکە ئەهلییەکانە کە ئێستا دۆلار دەکڕنەوە، لەکاتێکدا پێشتر لەکاتی دەنگۆی دەستکاریکردنی نرخی دیناری عێراقی و بەرزکردنەوەی بەهاکەی ئەو بانکانە دۆلارێکی زۆریان فرۆشتووە و ئێستا دوای دڵنیابوونەوە لەوەی گۆرانکاری تێدا ناکرێت جارێکی دیکە دەیکڕنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری سێیەم ئاشکرایکرد، کە سەرەڕای خواستی زۆر لەسەر دۆلار، ژمارەیەک لە بانکە ئەهلییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت و دۆلاریان پێنافرۆشرێت.

ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بەرامبەربووە بە 149 هەزار و 250 دیناری عێراقی.