هۆشدارییەک لەبارەی وشکەساڵی و کەمیی گەنم لە هەرێم

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە چەندین شوێن وشکەساڵی دەبێت و بەرھەمی گەنم کەم دەبێت، دەشڵێت، ” پێویستمان بە ٩٥٠ ھەزار تۆن گەنم ھەیە، چاوەڕێ دەکرێت بەرھەممان ٣٠٠ ھەزار تۆن بێت، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بڕیارە لە دەرەوە گەنم ھاوردە بکرێت”.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان (شەممە 16-4-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ” لەو ناوچانەی وەکو پێویست باران نەباریوە لە سنووری ھەولێر، لە مەخموور و دیبەگە، تاوەکوو ئێستا وشکەساڵییان ڕانەگەیاندووە و ئەوەی ڕایگەیاندووە لە گەرمیانە، بەڵام ئەگەر بارانی دیکە لەم مانگەدا ببارێت زۆر باشە، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی باران باش باریوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ”ئەگەر ببێتە وشکەساڵی، زیانی زۆر دەبێت، چونکە بەرھەمی باش نابێت ھەم لەڕووی بەرھەم و ھەم لەڕووی کوالێتییەوە، بەڵام پلانی خۆمان داناوە و پێشکەشمان کردووە، بۆ ئەوەی پارەی بۆ تەرخان بکرێت.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەمانەوێت ئالیک بۆ خاوەن ئاژەڵەکان دابین بکرێت و پشتگیریی جووتیاران بکرێت لە دابینکردنی بنەتۆو و مادە قڕکەرەکان، بەڵام بەرھەممان کەم دەبێت و ئەوەش لەسەر عێراق دەمێنێتەوە کە کێشەی کەمیی بەرھەم چارەسەر بکات، چونکە بڕیارە ٦٠ ھەزار تۆن گەنم ھاوردە بکەن، بەڵام بەگشتی کاریگەریی لەسەر ئێمە و عێراقیش دەبێت و تاکە چارەسەریش ھاوردەکردنی گەنمە، چونکە ھەرێم پێویستی بە ٩٥٠ ھەزار تۆن ھەیە کە ڕەنگە بەرھەممان زیاتر لە٣٠٠ ھەزار تۆن بێت، لەوەش کەموکووڕیمان دەبێت”.