نیسان وەبەرهێنان لە بەریتانیا دەکات

گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی نیسان رایگەیاند، لە بەریتانیا بەبڕی دوو ملیار پاوند وەبەرهێنان دەکات لە بواری دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
نیسان دەڵێت، لە ساندێرلاند لە باکووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا کارگەیەک دەکاتەوە بۆ بەرهەمهێنانی دوو جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی جووک و کاشکای کە دوو ئۆتۆمبێل بوون و باشترین فرۆشیان هەبووە.
نیسان رایگەیاندووە، 1.12 ملیار پاوند بۆ دامەزراندنی کارگەکە تەرخان دەکات و کارگەیەکی دیکەش دەکاتەوە بۆ دروستکردنی باتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە پێکەوە کۆی قەبارەی وەبەرهێنانەکانی بەرزدەکاتەوە بۆ دوو ملیار پاوند.
بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیای نیسان، ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحە دەبێتە هۆکار بۆ دامەزراندنی حەوت هەزار کارمەند و کرێکار بە راستەوخۆ، هەروەها 30 هەزار کەسی دیکەش بە شێوازی ناراستەوخۆ.
ماکۆتۆ ئۆچیدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نیسان دەڵێت، داهاتووی پیشەسازی ئۆتۆمبێل بۆ ئۆتۆمبێلی کارەباییە و لەبەرئەوەش وەبەرهێنانەکانیان لەو بوارەدا زیاد دەکەن.

 

سەرچاوە:ڕوودا