نرخی 100 دۆلار بۆ 135 هەزار دینار دادەبەزێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نرخی 100  دۆلاری ئەمریکی بۆ 135 هەزار دینار دادەبەزێت و  حکومەت بەرپرسیارێتی ئەو زیانانە لە ئەستۆ دەگرێت کە بەو هۆیەوە بەری دەکەون.

جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 135 هەزار دینار دادەبەزێت، شتێک نامێنێت بە ناوی نرخی بازاڕ و نرخی بازرگانان”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامدانەوەیەکی سیاسیانە هەیە بۆ قبوڵکردنی فشارەکانی شەقام و دیاریکردنی نرخی دۆلار بەو نرخە کەمە”.

ئاشکراشیکرد، “ئێمە قەیرانی دۆلارمان نییە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ حەواڵەدا هەیە، کە ئەویش بە گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بانکی فیدڕاڵی ئەو وڵاتە چارەسەردەکرێن”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، “حکومەت بەرپرسیارێتی ئەو زیانانە لە ئەستۆ دەگرێت کە بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە لێێ دەکەون، کە دەگاتە 10 ترلیۆن دینار، کە ئەویش وەک کورتهێنانی دارایی لە بودجەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.