نرخی نەوت 3% بەرزبووەوە

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بە ڕێژەی 3% بەرزبووەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئۆپیک پڵەس لە گفتوگۆکانی بەردەوامە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەک پاڵپشتییەک بۆ بازاڕی نەوت.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 3% و بڕی 2.51 دۆلار بەرزبووەوە و نرخەکەی گەیشتە 87.65 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە داخستنی بازاڕدا بە ڕێژەی 0.6% نرخەکەی دابەزی.

هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساس بەڕێژەی 3% و بە بڕی 2.39 دۆلار بەرزبووەوە و نرخەکەی گەیشتووەتە 81.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە نرخی نەوت بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەر یەک دابەزینی تۆمارکرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە “Covid-19” لە چین کە گەورەترین بەکارهێنەری وزەیە زیانی بە خواستی ئەو وڵاتە گەیاندووە، هاوکات بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود و بەهێزبوونی دۆلاری ئەمریکی کاریگەریی دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە ئۆپێک پڵەس، کە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانییەتی، بیر لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دەکەنەوە بە ڕێژەی 0.5 بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی نرخی نەوت، ئەوەش گەورەترین کەمکردنەوەیە لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە.

ئەمە دووەم جارە لەسەریەک ئۆپیک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بەرهەمهێنانی بە ڕێژەی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە.