نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە

دوای چەند رۆژێک لە جێگیری، نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ سەروی 88 دۆلار بەرزبوەوە، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکاش گەیشتە 86 دۆلار.

بەگوێرەی بۆرسەی جیهانی ئەمڕۆ دوشەممە، نەوتی خاو بەرێژەی 1%بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 88 دۆلار و 76 سەنت فرۆشرا و یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسیش بە 86 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.

لەماوەی حەوت ساڵی رابردودا ئەمە دوەمینجارە نرخی نەوت بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا دوای ئەوەی هەفتەی رابردو نزیکبوەوە لە 90 دۆلار.

بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو هاوکاتە لەگەڵ ئەو ناجێگیریەی دۆخی سیاسی کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیای گرتوەتەوە .

هۆکاری بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزبونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی دەگەڕێتەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرەڕای تەشەنەکردنی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوەتە هۆکار بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی بەرفراوان.