نرخی نەوتی برێنت 85 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-4-2023) بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کە رۆژی یەکشەممە بڕیاریاندا خستنەڕووی نەوت بە بڕی رۆژانە 1.16 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە.
نرخی نەوتی برێنت، ئەمڕۆ 40 سەنت بەرزبووەوە و درێژەی دا بە بەرزبوونەوەی رۆژی دووشەممە و هەر بەرمیلێکی بە 85 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەهەمان رێژە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەرزبووە و، هەر بەرمیلێک بە 80 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساس بەڕێژەی 6٪ بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خستنەڕووی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو سنووردار بکات.