نرخی دۆلار لە کاتی داخستنی بازاڕ

لە کاتی داخستنی بازاڕی دراوەکانی هەرێم نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٦٢ هەزار دینار بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی دراوی هەرێم نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٦٢ هەزار دینار بوو، بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ نرخەکەی ١٦٢ هەزار و ٥٠٠ دینار بوو.

هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ کەمی خستنەبازاڕی ئەو دراوە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەشێوەیەک لەمڕۆدا تەنها ٨٤ ملیۆن دۆلار خراوتە بازاڕەوە.

لە کۆی ئەو ٨٤ ملیۆن دۆلارەی خراوەتە بازاڕارەوە بڕی ٤٤ ملیۆن دۆلار لەو بڕە لەلایەن بانکەکانەوە بە شێوەی حەواڵە کاری پێدەکرێت و بڕی ٣٩ ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش دەچێتە بازاڕەکانی دراو لە هەرێم و عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەرامبەر دینار بەرزبووەوە و لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا گەیشتە بەرزترین ئاستی، کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٦٧ هەزار دینار.

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەردەوامن بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمدا بە جۆرێک، دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی لاببرێت و عەلی موحسین عەلاق لە جێگەی، پۆستەکەی بە وەکالەت بەڕێوەببات.

هاوکات، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی عێراقیش لەلایەن سوودانییەوە خانەنشین کرا و بیلال حەمدانی راسپارد بۆ بەڕێوەبەردنی بانکەکە لەگەڵ کارەکەی خۆیدا، کە بەڕێوەبەری بانکی پیشەسازی عێراقە و لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە کەرتی بانکی عێراقیدا کاری کردووە.