نرخی ئۆتۆمبێل گران دەبێت و بازاڕی مامەڵەکردن وەستاوە

ئا/زریان محەمەد

نرخی ئۆتۆمبێل گرانبووە و بازاڕی مامەڵەکردن سستی بەخۆیەوە بینیوە و هاوردەکردن کەمیکردووە بەهۆی گرانی نرخی ئۆتۆمبێل لەجیهاندا و زیادبونی نرخی گواستنەوە لەئێستادا بەپێی جۆری ئۆتۆمبێل نرخ زیادیکردووە.

گرانبونی ئۆتۆمبێل هەندێک لە بازرگانان دەیگەڕێننەوە بۆ جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا و هەندێکیان دەیگەڕێننەوە بۆ کەمبونەوەی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێل لەلایەن کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، وە گرانبونی نرخی گواستنەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ گرانبونی ئۆتۆمبێل.

هاوکار جەوهەر، بازرگانی هاوردەکاری ئۆتۆمبێل لە ووڵاتی ئەمریکا و ئیمارات بەڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕاگەیاند” لەئێستادا گرانبونی نرخی ئۆتۆمبێل پەیوەندی هەیە بەو جەنگەی لەنێوان ڕوسیا و ئۆکراینا هەیە، وە بەرزبونەوەی نرخی ئاسن لە جیهاندا کە هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا”.

راشیگەیاندا” کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێل لەئێستادا دروستکردنیان کەمکردۆتەوە بەهۆی گرانبونی نرخی ئاسن ترسیان لەوەیە کە ئۆتۆمبێل دروستبکەن و گران بکەوێت لەسەریان بەڵام فرۆشیان نەبێت هەربۆیە بەم شێوەیە نرخ بەرزدەبێتەوە لەبازاڕەکاندا”.

ئەو بازرگانە ئاماژە بەوەش دەکات” هەمو ئەو کێشانە کەدەبنە هۆی گرانبون کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان دەردەکەوێت چونکە هەرێمێکی هاوردەکارین نەک بەرهەم هێن”.

ئاماژە بەوەش دەکات ئۆتۆمبێل هەیە هەزار دۆلار گرانبووە بەپێی جۆر و مۆدێل نرخەکان دیاری دەکرێت.

نرخی گواستنەوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ گرانبونی ئۆتۆمبێل کاریگەری لەسەر دیاریکردنی نرخ لەبازاڕەکاندا داناوە.

هاوکار ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات” نرخی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل گرانبوە لە هەمو ئەو جێگایانەی ئۆتۆمبێلی لێوە هاوردە دەکرێت لەچاو سێ مانگ پێش ئێستا بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەمریکاوە لە (١٠٠$) دۆلارەوە تا (٣٠٠٠$) گرانبووە وە لە دوبەی بۆ سلێمانی بۆ هێنانەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک (١٥٠$) گرانبووە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخ دروستدەکات لەبازاڕەکانی ناوخۆ”.

بڕیار سڵاح، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل لەناو پێشانگاکانی سلێمانی بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” رایگەیاند” نرخی ئۆتۆمبێل لەبازارەکانی سلێمانی گرانبووە وە خواستیشکەمە لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل بەجۆرێک گەر ئۆتۆمبێلێک پێشتربە (١٠،٠٠٠$) بەدە هەزار دۆلار بوبێت واتا یەک دەفتەر دۆلار ئەوا ئێستا نرخەکە بۆ زیاتر لە (١١٠،٠٠) سەدو دەهەزار دۆلار بەرزبۆتەوە ئۆتۆمبێلی گەورە بەپێی مۆدێلەکەی (٥٠٠٠$) پێنج هەزار دۆلار تا (١٠،٠٠٠$) دەهەزار دۆلار گرانبووە ئەمەش بۆتە هۆی ڕاوەستانی بازاڕ کەمتر مامەڵە بکرێت و ئۆتۆمبێل کەمتر دەفرۆشرێت”.

ڕاشیگەیاند” نرخی گواستنەوەی ئۆتۆمێل لە ئەمەیکاو دوبەی کاریگەری هەبووە لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل بەڕێژەی لەسەدا دوو نرخی گرانکردووە کەئەمەش بۆتە هۆی خاوبونەوەی بازاڕو فرۆش لە بازاڕدا”.

لەسەردەمی کۆرۆنا و وەستانی هەمو جیهان لەکارکردن هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل تائێستا کاریگەریەکانی بەسەر کۆمپانیا بەرهەم هێنە جیهانیەکانەوە ماوە.

دەرون خەسرەو ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیسان لەهەرێمی کوردستان بەڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕاگەیاند” ئێمە وەک کۆمپانیای فاصل لەتیف وەکیلی سەرەکی کۆمپانیای نیسان بۆ بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبیلین لە عێراق،هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لەسەردەمی کۆرۆناوە دەست پێدەکات لەدوای داخستنی کارگەکان بەگشتی چونکە کارگەکانی دروستکردنی مایکرۆ جیبس لەکاتی کەرەنتیندا گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەلکترۆنیەکانی ئەنجامدابوو، وەلەکاتی ئاسایبونەوەی ژیان جارێکی دیکە کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێل داوایان لە بەرهەم هێنەرانی مایکرۆ جیبس کردەوە کەپێیان بفرۆشن بەڵام ئەوان بەرهەمەکانیان کردووە بە ئەلکترۆنیات بۆیە ئەمە بووە هۆی دروستبونی کێشە بۆ کۆمپانیاکان بەمەش لە ٪٣٠ بەرهەم هێنان لەهەموو کۆمپانیاکان کەمیکرد  هەربۆیە کۆمپانیاکان ناچاربون نرخ بەرزبکەنەوە بەهۆی کەمی بەرهەم هێنان وە وەستانی هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل بەنمونە کۆمپانیای نیسان بەرهەم هێنانی ئەڵتیمای وەستاند لەساڵی ٢٠٢٢ کە ئەمە کێشەی هەموو کۆمپانیاکانە”.

راشیگەیاند” لەهەمو جیهاندا کۆمپانیاکان لە چەند کۆمپانیایەکی دروستکردنی مایکرۆ جیبس دەیکڕن لە ٪٦٨ بەرهەم هێنەرانی ئۆتۆمبێل لە دوو کۆمپانیای تایوان مایکرۆ جیبس دەکرن، ئەو دوکۆمپانیایەش لەناوخۆدا ڕوبەڕوی کێشەی سروشتی بونەوە بەهۆی کەمئاوی لەووڵاتەکەیان وە ٪ ١٧ مایکرۆ جیبس لە ووڵاتی سینە”.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیسان لەهەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا بەرزبونەوەی نرخی نەوت هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبونەوەی نرخی وە زیادبونی نرخی ئاسن هۆکارێکی دیکەیە چونکە ئاسن زۆر لە ئۆتۆمبێلدا بەکار دەهێندرێت وە جەنگی ئۆکراینا کاریگەری هەبووە لە سەر بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێل، وەک وەکیلی عێراق سێ مانگ جارێک داوای ئۆتۆمبێل دەکەی هەرجارێک داوای دەکەین نرخ بەرز دەبێتەوە.

ماوەی دووساڵە لەعێراقدا نرخی گومرگ و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی هاردەکراو زیادیکردووە لەگەڵ ئەوەشدا هاوردەکردن بەردەوامە و نرخی ئۆتۆمبێل بەرزە.