ناجێگیری نرخی دۆلار جوڵەی بازاڕی سست کردووە

ئا: زریان محەمەد

ئەو ناجێگیریەی لەنرخی دۆلاردا لەبازاڕەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان دروستبووە کاریگەری هەبووە لەسەرکاری کۆمپانیاکان‌و خاوبونەوەی کاری بازرگان‌و ڕاوەستانی بازاڕو نەگەڕاندنەوەی پارەی کۆمپانیاکان لەبازاڕدا.

ڕێباز جەزا، بەرپرسی ژمێریاری لە کۆمپانیای زێڕ بۆ دابەشکردنی خۆراک لەبارەی ناجێگری نرخی دۆلارو ئەو کاریگەریانەی هەیەتی بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕونکردەوە “گران بوونی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا کاریگەر خراپی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان بەپلەی یەکەم‌و کۆمپانیاو مارکێتەکان بەپلەی دووەم هەیە”.

رونیشی کردەوە ئەو ناجێگیریەی لەنرخی دۆلاردا لەبازاڕەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان دروستبووە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان‌و “فەرمانبەر بە تایبەت” هەیە، چونکە ئەو توێژانەی موچەکانیان بە(دینار) وەردەگرن‌و گران بونی نرخی دۆلار کە دەبێتە هۆی “بەرز بوونەوەی نرخی پێویستیەکانی ڕۆژانە ” ناچاریان دەکات خەرجییە نـاپێوێستیەکانیان‌و ئەو خەرجیانەیان کە بەدۆلارە، کەم بکەنەوەو داهاتەکانیان لەکڕینی موادی خۆراکی کە پێویستی سەرەکی ڕۆژانەیانە سەرف بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە کاریگەری لەسەر کۆمپانیاو مارکێتەکانیش لەوەدایە پێشتر نرخی دۆلار 100$ = 148000 دینار بوو، کۆمپانیا موادێکی بە 100$ = 148000 دینار دەکڕی‌و دەیدایەوە بە 149000 بەمارکێت، مارکێتەکانیش بەنمونە دەیانفرۆشت بە 150000 دینار بەهاوڵاتیان، بەڵام ئێستا کە نرخی 100$ = 157000و بەردەوام بەرزو نزم دەکات کۆمپانیاکانیش بەرهەمە هاوردەکراوەکانیان بەدۆلار دەکڕن‌و ناچارن بەدۆلار بیفرۆشنەوە بەمارکێتەکان ئەمەش خۆی لەخۆیدا تا ڕادەیەکی زۆر فرۆشی کۆمپانیاکانی کەم کردۆتەوە، ئەو وتی “ئێمەش وەک کۆمپانیای زێر بێ بەش نەبوین لەزیانی گۆڕانی نرخی دۆلار بەدینارداو کێشەی لەوەرگرتنەوەی قەرزەکانماندا لەبازاڕدا بۆ دروستکردوین، بەڵام وەکو خاوبونەوەی فرۆش کاریگەریەکەی کەمتر بووە چونکە موادەکانی ئێمە ( پێوسیتی سەرەکی ڕۆژانەی خەڵکە)”.

‎ئەو کۆمپانیایانەی کە هاوردەی خۆراک‌و پێداویستی دەکەن لەوڵاتانی ئەوروپاوە کاریگەری نرخی دۆلار لەسەریان زۆرترە، بەجۆرێک وەرگرتنەوەی پارەی بازاڕیان لەسەر قورسبووە، چونکە بۆیان ناگەڕێتەوە خاوەن مارکێتەکان لەچاوەڕوانی هەرزانبونی نرخدان یان ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەن بەنرخێک دۆلارەکە دیاریدەکەن کە هەردوولا ڕازیبن لەسەری.

بورهان عەلی عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و خاوەنی کۆمپانیای بورهان بۆ بازرگانی گشتی‌و خۆراک بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی وتی “ئێمە بەردەوام لەوڵاتانی ئەوروپاوە هاوردەی خۆراک دەکەین مامەڵەی کڕینمان بەدۆلارە، كاتێک کاڵاکانمان بەدۆلار دەفرۆشین بەخاوەن بازاڕو مارکێتەکان ئەوان بەدینار پارەمان بۆ دەگێڕنەوە، دەبێت ئێمەش دینارەکە بکەینەوە بەدۆلار تا بتوانین حەواڵەی بکەین بۆ کڕینی بەرهەمەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپیەکان، لەئێستادا نرخی دۆلار کە بەردەوام ناجێگیرەو بەرزە پارەکانمان ناگەڕێتەوەو لەبازاڕدا ڕاگیراوە، خاوەن مارکێتەکان ئامادە نین بەو نرخە بەرزە پارەکان بدەنەوە، دەڵێن چاوەڕی دەکەین دۆلار دابەزیت”.

وتیشی “پێشتر خاوەنکارەکان بەرهەمەکانی ئێمەیان کە کڕیوە نرخی هەر ۱٠٠ دۆلاریک ۱٤۸٠٠٠ هەزاردیناربووە پارەکەیان نەداوە پێمان، بەڵام کاتێک بووە بە ۱٥٦٠٠٠ هەزار دینار، ئێستا دەڵێن من بەنرخی ئەو ڕۆژە دۆلارەکە دەکەینەوە بەدینار، لەبەرامبەر ئەوەدا زیان بەئێمە دەگات، چونکە ئێمە هیچ مامەڵەیەکمان بەدینار نیە دەبێت بیکەینەوە بەدۆلار، هەربۆیە لەئێستادا بەتەواوی بازاڕمان خاو بوەتەوە، پارە گەڕانەوەش بۆ کۆمپانیاکان دواکەوتووە”.

ناجێگیری نرخی دراو تەنها کاریگەری لەسەر کۆمانیاکان نەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەکان دروست کردووە.

دانا سەڵاح، خاوەنی ڕێستۆرانتی کۆزۆن لەناوچەی سیتەک بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی وتی “هەموو ئەو پێداویستیانەی دەیکڕین بەدۆلار دەگات بەدەستمان‌وەئێمە نرخەکانمان هەروەک خۆی ماوەتەوەو ناتوانین دەستکاری بکەین، بەڵام نرخی ئەو دۆلارە بۆ ئێمە خێری کارەکامانی کەم کردۆتەوەو بەتەواوی پێداویستیەکان بەڕێژەی لەسەدا هەشت لەکاتی کڕیندا گران بووە لەسەرمان، هەربۆیە ئەمەش بۆتە هۆی خاوبونەوەی کارەکانمان”.

ئاماژەی بەوەش دا “زیادبوونی نرخی باج لەسەر ڕێستۆرانتەکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کارکردن دروست کردووە، ئەو زیانەی لەنرخی دۆلار پێمان دەگات جارێکی دیکە لەنرخی کارەباو باجەوە لێی زەرەر دەکەین‌و بێ هیوا بووین لەبەردەوامی کارکردن، چونکە ستافمان زۆرە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەوەش بەردەوامین ئەگەر باج بەو شێوەیە بێت ئەوا دەستی کار لەشوێنەکەمان کەم دەبێتەوە دەبێتە هۆی بێکار بوونی کۆمەڵێک گەنج”.