ملحقی بازرگانی کۆنسوڵیەتی میسر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

ملحقی بازرگانی لەکۆنسوڵیەتی میسر لە ھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد و لەگەڵ سەرۆک ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور کۆبویەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و بابان ئەحمەد و ئازاد عەبدولکەریم و بەختیار مەحمود، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور پێشوازیان کرد لە ئەمیرە نەبیل لوتفی، ملحقی بازرگانی لەکۆنسوڵیەتی میسر لە ھەولێر و کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەکۆبونەوەکەدا سەرەتا سیروان محەمەد، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی بەشی ئابوری کۆنسوڵیەتی میسر و ھیوای خواست بتوانن پەیوەندییەکی ئابوری بەھێز دروست بکەن لە نێوان ھەڕدوولادا ئامادەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە نێوان کۆمپانیاکانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیا میسریەکان.

ڕاشیگەیاند، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی گەورەترین بینای پێشەنگایە کە ساڵانە چەندین جۆر پێشەنگای تێدا دەکرێتەوە، بۆیە ھیوادارین کۆنسوڵیەتی میسر کار بکات بۆ بانگێشت کردنی کۆمپانیاکانی میسر تاکو بەرھەم و خزمەتگوزاریەکانیان لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری لە پێشانگاکان نمایش بکەن و بە بازرگانانی عێراق بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی بناسێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خاوەنی گەورەترین پڕۆژەی گەنجینەیە کە تیایدا بازرگانان کاڵا و شتومەکانیان ھەڵدەگرن و نمایشی دەکەن، پرۆژەکە بۆتە ناوچەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراقدا کە سەرجەم کاڵاکانی لێوە پەخش دەکرێت بۆ شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، بازرگانانی پارێزگای سلێمانی خاوەنی وەکالەتی چەندین براندی جیھانین کە لێرەوە کاڵاکان دەنێرێت بۆ شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، ھیواداریم پەیوەندیەکی ئابوری بەھێز لەگەڵ وڵاتی میسر دروست بکەین.

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پیشتیوانی تەواو لە بەرھەمی ناوخۆ دەکات و پشتیوانی بەردەوامی کەرتەکانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی کردوە لە.ئێستا چەندێن بەرھەمی کشتوکاڵی ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ھیوادارین کار ئاسانی بۆ ئەو بازرگانانە بکەن کە خوازیارن سەردانی وڵاتی میسر بکەن.

لای خۆشیەوە ئەمیرە نەبیل لوتفی، ملحقی بازرگانی کۆنسوڵیەتی میسر سپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد و ڕایگەیاند “ئامانج لەم سەردانەمان دروستکردنی پەیوەندییەکی ئابوری بەھێزە لە نێوان بازرگانانی پارێزگای سلێمانێ و بازرگانانی وڵاتی میسر، ھیوادارین بازرگانان سەردانی میسر بکەن و کاری ھاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکەمان ئەنجام بدەن.

له‌ كوبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كرا، كه‌ كار بكرێت بۆ چالاككردنی هێڵی ئاسمانی له‌ نێوان پارێزگای سلێمانی و وڵاتی میسر، گه‌شته‌كان زیاد بكرێت تاكو هاوڵاتیان بتوان سه‌ردانی میسر بكه‌ن.