هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی و بری گەنمی هەرێم چر کراونەتەوە

دوای چەند ساڵیک وشکەساڵی و کەمبارانی، لەمساڵدا و لەگەڵ بەردەوامی وەرزی بەهار و دابارین، چاوەڕێ دەکرێت زۆرێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە رووی کوالیتی و چەندێتییەوە باشتر بن لە چاو ساڵانی رابردوودا، هاوکات زۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کشتوکاڵ لە هەوڵی زیاتردا بۆ پشتگیریکردنی جووتیاران تاوەکو بەرهەمێکی کوالیتی بەرز بخەنە بازاڕەکانەوە.

سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵ و رێکارەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە ئافاتێکی نێو بەرهەمی کشتوکاڵی، بەرێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود رایگەیاند، ئەمساڵ خۆشبەختانە بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە ئاستێکی زۆر باشدایە، هۆکاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای لەباری ئەمساڵ و دابارینی ڕێژەیەکی زۆر لە باران، هەروەها دابەشبوونی باران بەشێوەیەکی زۆر باش و گوتی: ”پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا بێت”.

ناوبراو زانیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی ئاشکرا کرد و هۆشداری دا لە مەترسی بڵاو بوونەوەی سن و وتی: ”بەپێی رووپێوییەکانی بەشی پاراستنی رووەک کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەنجام دراوە، ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر لە مێرووی “سن” بڵاوبووەتەوە لەناو کێڵگەی گەنمی جووتیاراندا. ئەوەیش پێویستیی بە هەڵمەتێکی گەورەی نیشتمانی هەیە بۆ قەڵاچۆکردنیان، ئەگینا دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ بەرهەمی جووتیاران”.

وتیشی: ”ئەگەر مێرووی سن قەڵاچۆ نەکرێت و رێژەی مێرووەکە لەناو کێڵگە و جاڕەکاندا زۆر بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی گەنمێکی پووچ و بێکەڵک بەرهەم بێت کە جۆریەتێکی زۆر نزمی هەیە، بەجۆرێک کە تەنانەت ناتوانرێت بۆ ئاردیش بەکار بهێنرێت. ئەگەر لە هەر کێڵگەیەکدا مێرووی سن زۆر بێت ئەوا تەواوی کێڵگەکە خراپ دەکات”.

لای خۆیەوە لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، شەریف مەحمود محەمەد زانیاری وردی خستەڕوو سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەی سن و کاریگەرییەک خراپەکانی لەسەر گەنم و دەغڵودان و گوتی: ”مێرووی سن یەکێکە لە هەرە مێرووە زیانبەخشەکان لەسەر دانەوێڵە، بەتایبەتی گەنم و جۆ. مێرووی سن تایبەتە بە گەنم و جۆ. ساڵانە ناوچەکەی ئێمە کە بە شاخ دەورە دراوە، مێرووی سنی تیادا زۆرە، چونکە سن یەکێکە لەو ئافاتانەی کە ساڵانە لە دوای تەواوبوونی لە کێڵگەی گەنمەکاندا کۆچ دەکات بۆ لووتکەی چیاکان، پاشان دێتە خوارەوە بۆ دامێنی چیاکان و لە کاتی گوڵکردن و دەرکەوتنی سونبوولەدا دادەبەزێتە ناو کێڵگە گەنمەکان و دەست دەکات بە تەغزیەکردن”.

شەریف مەحمود محەمەد لەبارەی چۆنییەتی کارکردنی ئەو جۆرە مێرووە زیانبەخشە وتی: ”سەرەتا دەدات لە قەدی گەنمەکان و پاشان دوای پازدە رۆژ، بەپێی کەشوهەوا، دەست دەکەن بە زۆربوون و بەشێوەی زنجیرەیی گەرا دادەنێن و مێرووی نوێ دەردەچێت. مێرووی سن بە سێ قۆناغی گەشەدا دەڕوات و لە گەشەی یەکەم و دووەمدا ئاساییە، بەڵام لە سێیەمدا زیانی گەورەی بۆ گەنم دەبێت”.

لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، شەریف مەحمود محەمەد لەبارەی کارکردن بۆ قەڵاچۆکردنی سن وتی: ”باشترین کات بۆ قەڵاچۆکردنی مێرووی سن قۆناغی دووەمی گەشەیەتی. مێرووی سن توانای ئەوەی هەیە گەنمی زۆرباش گەندەڵ و پووچ بکات، تا ئەو ئاستەی ناکرێت وەک ئالیکیش بدرێت بە ئاژەڵەکان. مێرووی سن کاتێک لە گەنم دەدات بۆنێکی تیا دەردەچێت کە ئاژەڵیش ناتوانێت بیخوات”.

وتیشی: ”ئێمە ساڵانە لە بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بە چەند قۆناغێک ئامادەکاری بۆ رووبەڕوونەوە و قەڵاچۆکردنی مێرووی سن دەکەین. قۆناغی یەکەم ئاگادارکردنەوەی جووتیارەکانە لە کاتی دەرکەوتنی مێرووەکەدا. قۆناغی دووەم کە باشترین کاتە بۆ قەڵاچۆکردن و لەناوبردنی مێرووەکە، ئاگاداری کاتی قەڵاچۆکردنەکەیان دەکەینەوە. قۆناغی سێیەمیش دابینکردنی قڕکەرە بۆ جووتیارەکان بەبێ بەرامبەرە یاخود بە نرخێکی رەمزی کە ئەمەش هاوکار بووە بۆیان بۆ قەڵاچۆکردنی مێرووی سن لەناو کێڵگەکانیاندا”.

لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، شەریف مەحمود محەمەد لەبارەی هۆکارەکانی درەنگ کەوتنی رشتنی دەرمان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا، وتی: ”بۆ ئەمساڵ، تا ئێستا بەهۆی هەندێک رۆتیناتەوە نەمانتوانیوە قڕکەری پێویست دابین بکەین، بەڵام لە کڕینیداین و پشتیوان بە خوا بۆ ساڵی داهاتوو قڕکەرمان لەبەردەستدا دەبێت بۆ قڕکردنی مێرووی سن و مێرووە زیانبەخشەکانی دیکە لە کێڵگەکانی دانەوێڵەدا”.

شەریف مەحمود محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە رێژەی بەرهەمی گەنم لە چاو ساڵانی پێشوودا لە ئاستێکی باشدایە و وتی: ”پێرار بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانی رێژەی بەرهەمی گەنم کەم بوو و دابەزی، هەروەها جۆریەتەکەیشی دابەزی، بەڵام پارساڵ رێژەکە بەرز بووەوە و جۆریەتەکەیشی باشتر بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ وا پێشبینی دەکەین کە هەم گەنمەکە باش بێت و هەمیش بەرهەمەکەی”.