مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت دەستیپێکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا لە نوسینگەی تایبەت لە پاسپۆرتی گشتی بەغدا، ئەو کەسانەی پەلەیانە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت، دەتوانن ببنە خاوەن پاسپۆرت بە ڕێگەی خزمەتگوزاری خێرا کە لەماوەی یەک کاتژمێردا سەرجەم مامەڵەکانیان تەواو دەکرێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، “ئاگاداری ئەو ھاوڵاتیانە دەکەین کە پێویستیانە بە زوترین کات ببنە خاوەن پاسپۆرت بەبێ بونی ھیچ مەرجێکی وەک ھەبونی ڕاپۆرتی پزیشکی یاخود تکتی فڕۆکە، دەتوانن سەردانی نوسینگەی تایبەت بکەن لە پاسپۆرتی گشتی بەغدا بۆ مەبەستی مامەڵەی پاسپۆرت بەڕێگەی (خزمەتگوزاری خێرا-خدمە سریعە) بەبڕی(250) هەزار دینار”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو پرۆسەیەدا لەماوەی کاتژمێرێکدا پاسپۆرتەکەت وەردەگریتەوە، ئەم خزمەتگوزاریە بەردەستە بۆ سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراق و کوردستان دانیشتوی ھەر پارێزگاو ناوچەیەک بن، بەڵام پێویستە ھاوڵاتی سەرجەم پێداویستییەکانی دەرھێنانی تایبەت بە پاسپۆرتی پێ بێت تاوەکو مامەڵەکەی بۆ جێبەجێ بکرێت.