جلی کوردی لە بەرەبەری نەورۆزدا خواستی زیاتری لەسەرە

ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار و نەورۆز بازاڕی جلوبەرگی کوردی لە ھەرێمی کوردستان گەرموگوڕتر دەبێت و ھاووڵاتییان بۆ چوونەدەرەوە و سەیران و گەشتەکانیان زیاتر مەیلی پۆشینی جلی کوردی دەکەن، بەڵام ئافرەتان زیاتر ئەو خواستەیان ھەیە و مانگێک پێش نەورۆز دەست بە ئامادەکاری و گەڕان بە دوای قوماش و دیزایین و دوورێنێکی باشدا دەکەن.

لە شاری سلێمانی جگە لەو بازاڕانەی کە دەکەونە بازاڕی سەرەکی شارەکە و تایبەتن بە جلوبەرگی کوردی ژنان و پیاوان، لەنێو گەڕەکەکانی شارەکەشدا چەندین دوکان و شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگی ئافرەتان کراونەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ئافرەتانی شارەکە روویان لێدەکەن.

مەحمود مستەفا کە زیاتر لە ٣٢ ساڵە سەرقاڵی کوتاڵفرۆشییە لە یەکێک لە بازاڕە قەرەباڵغەکانی قوماشدا سەرقاڵی جیاکردنەوەی قوماش بوو بۆ کڕیارەکانی بەم شێوەیە باس لە کاتی دەستپێکی فرۆشتنی قوماشی جلی کوردی دەکات و دەڵێت ”بۆ فرۆشتنی قوماش و جلی کوردی زیاتر لە ناوەڕاستی مانگی دوو بەدواوە دەست پێ دەکات تاکو رۆژی نەورۆز”.

ئەو کوتاڵ فرۆشە باس لەوە دەکات کە قوماشی هیندی، تورکی، ئێرانی و چینی لە بازاڕەکاندا رەواجیان هەیە و دەڵێت ”جاران فرۆشی قوماشی ئێرانی زۆر بوو، بەڵام ئێستا کەمە. قوماشی ئێرانی ئەستوورە و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی تمەن کاریگەری خۆی هەیە، ئەگەرچی بۆ ئێمە هەر هەرزان دەکەوێت، بەڵام مامەڵەمان لەگەڵ ئێران کەم کردووەتەوە و زیاتر مامەڵە لەگەڵ هیند و چین دەکەین”.

قوماش بۆ جلی کوردی بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، قوماشی ئەستوور لە وەرزی زستان، قوماشی کەمئەستوور لە وەرزی بەهار و قوماشی زۆر تەنک لە وەرزی هاوین فرۆشی هەیە ئەمە گوتەی ئەو کوتاڵ فرۆشە دێرینەی سلێمانی بوو و دەڵێت ”لە وەرزی بەهاردا زیاتر سلکی ئیتالی فرۆشی دەبێت کە بە مۆدێلەکانی نێچیری، مورادخانی، سادە، چۆخە و کەتافییش دەیدروون”.

سەبارەت بە نرخی قوماشی جۆراوجۆر لە بازاڕەکاندا، مەحمودی کوتاڵفرۆش دەڵێت ”نرخی قوماش لەلای ئێمە لە شەش هەزارەوە دەست پێ دەکات تاکو ٢٠ هەزار و زیاتر”.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە لە بۆنەکاندا بازاڕی فرۆشی قوماشی جلی کوردی زۆرترە، وەک بۆنەکانی بەهار، نەورۆز و هەردوو جەژنی قوربان و رەمەزان و دەڵێت ”جگە لەمانە بازاڕ لە کاتەکانی تردا تاڕادەیەک مردووە یان زۆر کەمە”.

مەحمود دەڵێت ”٣٢ ساڵە قوماشی جلی کوردی دەفرۆشم، بەڵام دوو سێ ساڵە بازاڕی فرۆشتنی قوماش زۆر لاواز بووە، ئەویش بەشێکی بەهۆی مووچەوەیە. جاران لە هەموو کاتەکاندا قوماش دەکڕدرا و دەکرا بە جل، بەڵام ئێستا تەنها لە بۆنەکاندا بازاڕ هەیە. نزیکەی سەدا ٧٠ی ئەوانەی ئێستا قوماشی جلی کوردی دەکڕن گەنجەکانن. بەتەمەنەکان کەمتر دەیکڕن و بیشیکڕن هاوینان قوماشێکی سادە دەکڕن. پیرەکان بەزۆری قوماشی هیندی دەکڕن و گەنجەکانیش سلکی ئیتالی”.

سەبارەت بە دوورین و ئەو مۆدێلە جیاوازانەی کە لە سلێمانی و شارەکانی تر دەدورێن، بەرگدروویەک لە هەر لە مناڵییەوە بە شاگردیی دەستی داوەتە بەرگردروویی، عەلی چاوڕەش دەڵێت ”من هەر لە منداڵییەوە ئیشی بەرگدروویی و جلی کوردیم کردووە. جاران خەڵکی زیاتر چۆخە و مورادخانییان لەبەر دەکرد کە زۆر بەناوبانگ بوو، بەڵام ئێستا دونیایەک مۆدێلی جوانی جلی کوردی پەیدا بوون. جاران خەڵک جلی شاڵیان کەم دەکرد، ئێستا خەڵکەکە شاڵ و چۆخە و کەتافی و شاڵی زاخۆ و رانیە دەکەن، ئێستا مۆدێلەکان زۆر زۆرن”.

سەبارەت بە نرخی دوورین و قوماشی جلوبەرگی جۆراوجۆر عەلی چاوڕەشی بەرگدروو دەڵێت ”نرخی قوماشی شاڵی زاخۆ لە ٧٠٠ دۆلارەوە دەست پێ دەکات تاکو دەگاتە ١٢٠٠ دۆلار. قاتی مورادخانی نزیکەی ١٧٠ هەزار دیناری تێدەچێت بە دوورینەوە. ئێمە قاتی مورداخانی بە ٨٠ هەزار و کەتافی بە ٣٥ هەزار و نێچیری بە ٥٠ هەزار و چۆخەیش بە ٢٥ هەزار دینار دەدرووین”.

سەبارەت بە جیاوازی جۆری شاڵی زاخۆیی و رانیەیی ئەو بەرگدرووە دەڵێت ”جیاوازییەکی وا نییە لە نێوان شاڵی رانیە و شاڵی زاخۆ، بەڵام هەر ئەوەیە کە شاڵی زاخۆ خواستی زیاتر لەسەرە. بۆ لەبەرکردن شاڵی رانیە خۆشترە کە بایی نزیکەی ٤٠٠ دۆلارە. هەردوو جۆرەکەیش لە یەک مەرەز دروست دەکرێن. شاڵ لە وەرزی بەهار هەتاکو پاییز لەبەر دەکرێت، بەڵام لە زستاندا لەبەر ناکرێت لەبەر ئەوەی شاڵ فێنکە و بە کەڵکی زستان نایەت”.

سەبارەت بە و جۆرانەی شێوازی دوورین و مۆدێلی جلی کوردی کە کوڕان سەری تێدەکەن، ئەو بەرگدرووە دەڵێت ”خەڵک لە نەورۆزاندا هەموو مۆدێلەکان دەدروون. خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری زیاتر حەزیان لە مورادخانییە. ئەوەیشی پارەی هەبێت شاڵ دەکات. خەڵکی ناوچەی گەرمیان زیاتر حەزیان لە مۆدێلی کەتافییە. خەڵکی هەولێریش زیاتر مۆدێلی کەتافی زنجیردار و بێزنجیر دەدروون، خەڵک خۆی ناوی لە مۆدێلی جلە کوردییەکان ناوە. گەنجەکان و خەڵکانی عەشایەر جلی کوردی زۆر دەکەن و حەزیان لێیەتی”.