لە ماوەی ساڵێکدا بەبڕی 831 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی سنەوە هەناردەکراوە

سەرپەرشتیاری گشتیی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا بەبڕی 831 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردەی دەرەوە کراوە.

فەرامەرز ئومێدی، سەرپەرشتیاریی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەكردووە، لە 12 مانگی 2023 زیاترلە یەک ملیۆن و 594 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 831 ملیۆن دۆلار لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردەکراوە.

گوتیشی، لە کۆی گشتیی ئەو کاڵا هەناردەکراوانە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، لە رووی کێشەوە بە رێژەی 12% و لە رووی بەهاوە بە رێژەی 17% گەشەی کردووە.

سەرپەرشتیاری گشتیی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەشکرد، کاڵا سەرەکییە هەناردەکراوەکان بریتی بوون لە بەرهەمی کشتوکاڵی و باخداری، بەرهەمی کانزا و پلاستیکی، بەرهەمی شیرەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و فەرش.

روونیشیكردووەتەوە، وڵاتانی عێراق، سووریا، ئەفغانستان، ئیمارات، رووسیا، تورکیا، کۆماری ئازەربایجان، پاکستان، جۆرجیا و کوێت لەو وڵاتانە بوون کە کاڵایان بۆ هەناردەکراوە.

بەختیار خالقی، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای سنە باسى لەوەکردووە، لەساڵی 2023دا 80%ـی هەناردەکردن لە سنووری پارێزگاکە لە رێگای دەروازەى سنووریی باشماخ و 20%ەكەی دیکەش لەرێگەى سەیرانبەند و دەروازەکانى دیکەوە بووە.

هاوکات، یاریدەدەریی وەزیری ئابووریی و بەڕێوبەری گشتی دەروازە سنوورییەکانی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، تەنیا لە ساڵی 2023دا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و 15 وڵاتی دراوسێی گەیشتووەتە 61 ملیار دۆلار.

 

 

 

 

 

 

 

وەرگیراوە لە کەناڵ8