لە فڕۆکەخانەى بەغداد 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشرێت

بانکی رافیدەینی سەر بە حکومەتی عێراق رایگەیاند: لەئێستادا لە فڕۆکەخانەی بەغداد دەستیانکردوە بە فرۆشتنی دۆلار و لە بەرانبەر هەر 100 دۆلارێکیشدا بۆ گەشتیاران 132 هەزار دینار وەردەگیرێت.

بانکی رافیدەین ئەمڕۆ 10ى 2ى 2023 لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە: ئەو گەشتیارانەی لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە گەشت دەکەن،  دەتوانن تاوەکو 7 هەزار دۆلار بەنرخی فەرمی بکڕن و هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت.

تائێستا بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بەگەشتیاران بەنرخی فەرمی، تەنها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادی گرتووەتەوە و لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە، هەرچەندە بڕیاردراوە هەموو فڕۆکەخانەکان بگرێتەوە ئەوەش لەچوارچێوەی رێکخستنی بازار و جێگیرکردنی نرخی دۆلار دایە، هەروەها ئاسانکاریش دەکات بۆ بازرگانان، گەشتیاران و ئەوانەی بەمەبەستی نەخۆشی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن.