ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تا 80% كەمیكردووە

بەهۆی بومەلەرزەكەی دووشەممەی رابردووەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەڕێژەی 70 تا 80% كەمیكردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، لە 6ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ شەممە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەكەدا بەڕێژەی 70 تا 80% كەمیكردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆكاری كەمبوونەوەكەی بۆ ئەو بومەلەرزەیە گەڕاندەوە كە دووشەممەی رابردوو 6ی شوبات توركیای گرتەوە.

بەهۆی بومەلەرزەكەوە دەیان كارگە لەناوچوون یان لە كاركردن راوەستاون، جگە لەوەی زیانی گەورە بەر بەشێك لە رێگاوبانە سەرەكییەكانی باكووری كوردستان و توركیا كەوتوون، وەك ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی پێداوە.

هۆكارێكی دیكەیشی گەڕاندووەتەوە بۆ ناسەقامگیریی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی.