لە سلێمانی سبەی دوو شەقامی سەرەکی دادەخرێن

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سبەی دووشەممە رێکەوتی 20ـی 3ـی 2023، دوو شەقامی شاری سلێمانی بەربەست دەکرێت.

لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانییەوە بەهۆی چالاکییەکانی “ئین سلێمانی” و ئەنجامدانی ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی لە شەقامی مەلیک مەحمود، شەقامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت، کە خاڵی دەستپێک لە بەردەم نەخۆشخانەی هەرێم دەبێت تا خاڵی کۆتایی، کە دەکاتە ناو پارکی هەواری شار.

دوابەدوای تەواو بوونی ماراسۆنەکە، شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات لەو کاتانەدا ئەو شەقامە بەکارنەهێنن. 

هەروەها بەهۆی چالاکییەکانی نەورۆزەوە، شەقامی سالم لە بەردەم باخی گشتی بۆ پردی خەسرەو خاڵ،  لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی 20ـی 3ـی 2023 بەربەست دەکرێت و تا کۆتایی هاتنی ئاهەنگ و فێستیڤاڵی نەورۆز لەو رۆژەدا، ئەو شەقامە بەربەست دەکرێت و بۆ رۆژی دواتر دووبارە شەقامەکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. واتە لەو کاتەی شەقامەکە بەربەست دەکرێت تەنها بۆ پیادەڕەو کراوە دەبێت.

سەبارەت بە سەیرانگای دوکان، لە 20ـی 3ـی 2023، لە کاتژمێر 12:00ـی شەو بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئوتومبیلی بارهەڵگر قەدەغەیە بچێتە ناو سنووری سەیرانگای دوکان.