لە ئەمریکا گەورەترین مایەپوچبونى بانکێک ڕوویدا

بانکی سلیکۆن ڤالی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، بەھۆی شکستھێنانی لە کۆکردنەوەی بڕی ٢ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی فرۆشتنی سەرمایەکەی، مایەپووچبوونی خۆی رادەگەیەنێت.

بانکی سلیکۆن ڤالی، کە تایبەتە بە پێدانی قەرز بەو کارە بازرگانییانەی لە قۆناغی سەرەتادان، لە ساڵی ١٩٨٣ وەک بانکی کالیفۆرنیا دەستیپێکردووە، لەماوەی دەیەی رابردوو بە خێرایی گەشەیکردووە و زیاتر لە ٨٥٠٠ کەسی لە جیھاندا بەگەڕخستوەو زۆربەی کارەکانی لەناوخۆى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە.

بانکەکە نزیکەی نیوەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و چاودێری تەندرووستی کە لەلایەن وەبەرھێنەرانی ئەمریکاوە کۆمەک دەکرێن لەخۆگرتووە، بەڵام بەھۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای سود ھەفتەی رابردوو زۆرێک لە کۆمپانیاکان پارە دانراوەکانیان کشاندوە، ئەوەش بانکەکەی ناچار کرد مایەپوچبوونی خۆی رابگەیەنێت و بوو بە گەورەترین شکستی بانکی ئەمریکا لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ەوە.

دوای مایەپوچبوونی بانکی سلیکۆن، وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر ھەندێک لە کۆمپانیا تازە گەشەکردووەکانی کەوتووە، بڕیاریدا رێگە بە کۆمپانیای تەکنەلۆژیای وڵاتەکەی بدات پارێزگاری لە نەختینەیان بکەن.

دواى رووداوەکە هەرزوو جۆو بایدن سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، هاتە سەرخەت و بە ئاڕاستەى هێورکردنەوەى هاوڵاتیانى ئەمەریکا لە ترسى فەوتانى پارەکانیان رایگەیاند، “بە قووڵی پابەندم بە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمگێژاوەو بەردەوامبوون لەهەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی چاودێری و رێکخستنی بانکە گەورەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆمان لەمدۆخەدا نەبینینەوە”.

بایدن وتیشى: “گەلی ئەمەریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن متمانەیان بەوە هەبێت کە پارەی داندراوی بانکییان له‌به‌رده‌ستدا دەبێت کاتێک پێویستیان پێیەتی”.

بەڵام دواى لێدوانەکەى بایدن، جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پشتڕاستیکردەوە، حکومەت دەیەوێت خۆی لە کاریگەرییەکانی ئیفلاسی بانکی سیلیکۆن ڤالی (SVB) لەسەر باقی سیستەمی بانکی بەدووربگرێت، لایخۆیەوە واشنتن رەتیکردەوە پاڵپشتی ئه‌و دامەزراوەیە بکات بە پارەی گشتی، بەڵام لە بەرانبەردا پشتڕاستیکردەوە هەموو پارە داندراوەکانی دەپارێزێت.

دەسەڵاتدارانی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا پلانێکی رزگارکردنیان راگەیاند، کە دڵنیاییدەدات لەوەی هەموو وەبەرهێنەرانی بانکی “سلیکۆن ڤالی” دەتوانن پارەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە، لە راگەیەندراوێکى هاوبەشیشدا کە لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکا و کۆمپانیای بیمەی وەبەرهێنانی فیدڕاڵی و یەدەگی فیدڕاڵی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، “لەم هەفتەیەوە پارەدارەکان دەتوانن دەستیان بە هەمو پارەکانیان بگات”.