بەهای لیرەی لوبنانی نزمترین ئاستی لە مێژوی خۆیدا تۆمارکرد

بەهای لیرەی لوبنانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی گەیشتە نزمترین ئاستی لەمێژوی خۆیدا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی لوبناندا بەربەستی 100 هەزار لیرەی تێکشکاند لەکاتێکدا لەماوەی سێ ساڵی رابردودا لیرەی لوبنانی زیاتر لە %95ی بەهاکەی لەدەستداوە.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە وەزارەتی دارایی لوبنان بڕیاریداوە لە مۆڵ و مارکێت و شوێنە گشتییەکاندا، هاوڵاتیان بتوانن لە بری لیرە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.

لە هەفتەی رابردوشدا یەکێتی بانکە بازرگانییەکانی لوبنان رایگەیاند هیچ پارەیەکی نەختینەیی بۆ دانەوەی پارە دانراوەکانی ناو بانکەکان لەبەردەستدا نەماوە و گەیشتن بە مایەپوچبونی تەواوەتی نزیک بوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهای فەرمیی دۆلار لەو وڵاتە کە لەلایەنه بانکی ناوەندیەوە دەستنیشانکراوە، 15 هەزار لیرەیە بۆ هەر دۆلارێک، واتە بەهای دۆلار لە بازارەکانی لوبناندا زیاترە لە شەش هێندەی ئەو بەهایەی حکومەت دەستنیشانی کردوە.