تورکیا دەستی کرد بە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە گه‌ڵ فڕۆكه‌خانه‌ی کەرکووک

هێڵی ئاسمانیی تورکیا یەکەمین گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی، لەنێوان ئیستانبوڵ و کەرکووک ئەنجام دا.

ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانیی تورکیا کە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکەی TK6890ە و لە کاتژمێر ١٠:٣٠ لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵەوە بەڕێ کەوتبوو، کاتژمێر ١:٠٠ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک -کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی بەکار دەهێندرا- نیشتەوە.

لە گەشتە ئاسمانییەکەدا هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی تورکیا، بیلال ئەکشی؛ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید جبوری؛ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا؛ ژمارەیەک لە بەرپرسە تورکمانەکانی عێراق؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری تورکیا-عێراق، خالید ئاجار و ژمارەیەک لە خاوەنکارانی تورکمانی کەرکووک ئامادە بوون.

لە کاتی نیشتنەوەیدا بە ئاوپڕژێنکردن پێشوازی لە فڕۆکەکە کرا.

هێڵی ئاسمانیی تورکیا بە دوای بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر و سلێمانی-دا، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی بۆ کەرکووک-یش کردەوە. بەم جۆرە ژمارەی ئەو شارانەی عێراق کە هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی بۆ ئەنجام دەدات گەیشتووەتە شەش شار.

هەمان فڕۆکە کاتژمێر ١٦:٤٠ی ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانیی تایبەت لە کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئەنجام دەدات.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک کە وەک بنکەی سەربازیی ئاسمانیی بەکار دەهێندرا لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی لە ١٦ی تشرینی یەکەم بە رووی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکاندا کرایەوە و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا، لەوێوە گەشتە ئاسمانییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەستیان پێ کرد.

فەرمانگەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە رەچاوکردنی تەواوی پێودانگە نێودەوڵەتییەکان بە رووی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکاندا کراوەتەوە و فڕۆکەخانەکە، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هاتوچۆی گەشتیاران و گواستنەوەی کارگۆدا.