لیژنەی مۆلیدەکان: نرخی ئەمپێرێک بۆ ئەم مانگە لە 11 هەزار تێناپەڕێت

ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتیاری مۆلیدە ئەهلییەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە بەپێی نرخی گاز دیاریدەکرێت و بەپێی خەمڵاندن لەنێوان نۆ بۆ 11 هەزار دیناردا دەبێت.

کارزان عەلی ئەندامی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان ڕاگەیاند، تا ئیشتا لیژنەی تایبەت مەند بە دیاریکردنی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە کۆنەبووەتەوە، بەڵام سێ جار نرخی گاز وەرگیراوە.

باسی لەوەکرد، کە نرخی گاز و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بڕیار لەسەر نرخی کارەبای مۆلیدە دەدات، لە 10، 20 و ئەمڕۆ کە 30ی مانگە نرخی گازمان وەرگرتووە، سبەینێش پێوەری مۆلیدەکان وەردەگرین بۆ دیاریکردنی نرخی مۆلیدەی ئەم مانگە.

ئاماژەی بەوەکرد، کە بەپێی خەمڵاندنی ئەوان بۆ ئەم مانگە نرخی هەر ئەمپێرێک لەنێوان نۆ هەزار بۆ 11 هەزار دیناردا دەبێت و ئەگەری زۆرە 10 هەزار دینار دیاریبکرێت بەهۆی ئەوەی ئەو نرخی گازەی وەرگیراوە بەرزە لەگەڵ ئەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە کەمبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە 13 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک و نەرخی مۆلیدە لە دهۆک 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکرا.